Rewa Mahmood Hasan
29 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2020
سلێمانی - AA
دوێنێ یەکشەممە، شاندێکى بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کرد.
لە کۆبووەیەکەداهەردوو لا، گفتوگۆیان دەربارەی پرۆژەی چاکسازیی و چارەسەری گرفتەکانی هاووڵاتییانی هەرێمیان کرد.
- ''ململانێی ئەمجارەی پارتی و یەکێتی داهاتووی هەرێمەکەش دەخاتە مەترسییەوە''
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، برزۆ مەجید باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد و گوتی: ''ئەم سەردانەی ئەمڕۆی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامی لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە سەردانەی بزووتنەوەکەدایە کە بڕیاری داوە، سەردانی هێز و لایەنە سیاسییەکان بکات لە روانگەی ئەو دۆخەی هەرێمی کوردستان و عێراق پیایدا تێپەڕ دەبن کە دۆخەکە هەستیارە، هاوکات ململانێی حزبەکان گەیشتۆتە ئاستێک کە دۆخی سیاسیی و دۆخی دەروونیی خەڵکی تێکداوە و لەم کاتەشدا بەڕای ئێمە دەبێت حزب و لایەنە سیاسییەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، تەنانەت ئەگەر ململانێش بکەن نابێت ببێتە هۆی وەستاندنی بازاڕ و دۆخی دەروونیی خەڵکی کوردستان تێک بدەن، هەر بۆ نموونە ئەو ململانێیەی ئەمجارەی یەکێتی و پارتی. دەبێت پارتی و یەکێتی بزانن ئەم ململانێیەی ئەمجارەیان هەرێمەکەشمان دەخاتە مەترسییەوە کە چەندین ساڵە بە خوێنی رۆڵەکانی ئەم وڵاتەوە هاتۆتە کایەوە. لە بری ئەوەی ململانێ بکەن با بێن چاکسازی بکەن''.
برزۆ مەجید ئاشکرای کرد کە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی بریتی بووە لە گفتوگۆکردن لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک کە ئەو پێی وابوو دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان لەوبارەیەوە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن .
بەپێی لێدوانەکەی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، برزۆ مەجید بەشێکی تری خواستی گۆڕان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم پرۆسەی چاکسازیی-یە، ئەویش بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دۆخە نالەبارەی لە هەرێم روویداوە کە بەشێکی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەرچاوەی گرتووە و گوتی: ''بەڵام هۆکارێکی تری ناهەمواریی دۆخی ئابووریی هەرێم دەرهاویشتەی گەندەڵییە کە لە چەندین ساڵی رابردوودا لەسەر دەستی دەسەڵات ئەنجام دراوە، بۆیە هەموو ئەم تەوەرانە وامان لێ دەکات کە پێویستییمان بە پرۆسەیەکی گەورەی هەمەلایەنەی چاکسازیی بێت، تاوەکو نیازی راستەقینەی چاکسازیی نەبێت، هەنگاوەکان هەر لە چوارجێوەی قسە و دروشمدا بێت، وەک مەرەکەبی سەر کاغەز بمێنێتەوە، دۆخەکە لەوە باشتر نابێت، چونکە پارتی و یەکێتی دەزانن گەندەڵی گەیشتۆتە ئاستێک، ئەگەر چاکسازی راستەقینە ئەنجام نەدەن، سەرخان و ژێرخانی هەرێمەکەمان زیانی زیاتر دەکات و خەڵکی هەرێمەکەمان دۆخیان لەمە خراپتر دەبێت، تەنانەت هەندێکجار لە زاری بەرپرسانی یەکێتی و پارتی خۆیانەوە باس لەوە دەکرێت کە چی گەندەڵییەک کراوە لەم وڵاتە".
- ''ئەگەر داهاتی خاڵە سنوورییەکان بە دروستی بێتەوە سەر گەنجینە، بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێم خێری لێ دەبینن".
ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، برزۆ مەجید پێی وایە کە بە گێڕانەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان بۆ گەنجینەی حکوومەت، کێشە ئابووورییەکان چارەسەر دەبن و دەڵێت ''تەنها و تەنها داهاتی خاڵە سنوورییەکان ئەگەر بەڕاستی و دروستی بێتەوە سەر گەنجینەی گشتیی، لەوە دڵنیابن کە بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان خێری لێ دەبینێت''.
لای خۆیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی یەکگرتوو، موسەننا ئەمین لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە کۆبوونەوەکە لەسەر سێ تەوەر وەستاوەتەوە ئەوانیش؛ پرسی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر مووچە، بوودجە دۆخی ئابووری، بارودۆخی نالەباری ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستان و پرۆسەی چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان.
موسەننا ئەمین لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا یەکگرتووی ئیسلامی وەک ماوەکانی پێشوو، هەڵدەستێت بە نێوەندگیریکردن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت لەسەر پرسی ململانێیەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی حوکمڕانی گوتی: ''یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەهۆی ئەوەی متمانەی نەبووە بە ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، هەر بۆیە بەشداری نەکردووە لەم کابینەیەدا، ئەگەر بمانزانیایە شتێک دەکرێت بەشداریمان دەکرد لە حکوومەتدا، هەر ئاسۆیەکیش هەبێت بۆ رێککەوتن و چاکسازی ریشەیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، ئەوا ئێمە بەشێک دەبین لەو پرۆسەیە".