hemn husain
09 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2016
هەولێر
چەند رۆژی رابردوو شاندێکی بەرەی تورکمانی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، ئەرشەد ساڵحی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانییان کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، و ئەندامی مەکتەب سیاسیى ئەو حزبە ئاماژە بەوە دەکات کە لێژنەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی پێکهاتووە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک لەسەر بەشداریکردنی تورکمانەکان لە پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ و تەلەعفەر.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعرووف لە لێدواێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی شاندێکی باڵای بەرەی تورکمانی عێراقی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانمان کرد کە مەبەستی ئێمە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا بوو. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان کرا لە ھەرێمی کوردستان کە ئەوەیش کاریگەری باشی هەبوو لەسەر هەردوو نەتەوەی کورد و تورکمان. لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک لەسەر بەشداریکردنی تورکمان لە پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ و تەلەعفەر و بڕیاریشە لێژنەکە لە پارێزگای دهۆك پێکبێت. بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت پێش کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ و تەلەعفەر و ناوچەکانی دیکەش پێویستە رێککەوتنێک هەبێت لە نێوان لایەنەکان چونکە پێی وابوو کە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە کێشە بۆ پێکهاتەکان درووست دەبێت کە ئەوەیش بە بۆچوونی ئێمە خاڵێکی هەرە گرنگ و هەستیارە".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "ئەوانیش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان تەئکیدیان کردەوە کە رێز لە پێکهاتەکان دەگرن لە هەرێمی کوردستان و ئێمەش ئەوەمان دووپاتکردەوە کە لە پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ دەبێت تورکمانیش بەشداربێت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەو هەڵوێستەی بەرەی تورکمانی بە هەڵوێستێکی باش زانی".
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی بە کۆبوونەوەیەکی مێژوویی وەسفکرد ئاماژەی بەوە دا کە دوای ١٦ ساڵ ئەمە یەکەمجارە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە ئەنجامدەدەن و گوتی: "دوای ١٦ ساڵ ئەمە یەکەم سەردانە دەکرێت چونکە پێشتر سەردان نەبووە، بۆیە ئەمە زۆر گرنگ بوو لە کاتێکی وا هەستیار ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجامدرا".
هاوکات چەند رۆژێک لەمەوبەر شاندێکی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی بەرەی تورکمانی و نوێنەری چەند حزب و لایەنێکی دیکەیان لە شاری هەولێر کرد بەئامانجی شیکردنەوەی رێککەوتننامەکەی ١٧ی ئایاری ئەمساڵ کە لە نێوان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان واژۆکرا، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعرووف کە بەشداری کۆبوونەوەکەی کردبوو، ئاماژەبەوە دەکات کە ئەوان لەگەڵ رێککەوتنێکی سیاسیی فراوانن کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەخۆ و لەوبارەیەوە گوتی: "گرنگ ئەوەیە ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی لەگەڵ رێککەوتنێکی سیاسیی فراوانین لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و لەهەمان کاتدا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئێمە پشتگیری لە هەر رێککەوتنێک دەکەین و هیچ رێککەوتنێک بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجامی باشی نابێت هەروەها دەبێت بەشداری لایەنەکانی دیکەش هەبێت و نەبێتە هۆی فەرامۆشکردنی لایەنێک و نەبێتە ئامانجێکی سیاسیی بۆ کۆنترۆڵکردنی دامودەزگاکان".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "ئێمە تێبینیمان لەسەر پرۆتۆکۆڵەکە هەیە ئەوەیش ئەوەیە کە هیچ باسی مافی پێکهاتەکان نەکراوە و ئەمە کاریگەری زیاتری دەبێت لەسەر لایەنەکان و لەگەڵ ئەوەیشدا داوامان کردووە دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی کە نوێنەری تورکمانەکانە لە هەرێمی کوردستان بەشداربن کە ئەوەیش لە راستیدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە".
رۆژی ١٧ی ئایاری رابردوو، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێککەوتنێکی سیاسیان واژۆکرا و رێککەوتنەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و لە ئێستاشدا شاندێکی هاوبەشی هەردوولا سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بە مەبەستی شیکردنەوەی ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکە.