Abdullah Shukur
16 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2017
شەھیدکردنی چوار سەرکردەی تورکمان کە لە لایەن رژێمی سەدام حوسێن لە سێدارە درابوون، لە شاری ھەولێر یادکرایەوە.
رێوڕەسمەکە لە بینای بەرەی تورکمانی لە شاری ھەولێر بە بەشداری سەرۆکی گشتی بەرەی تورکمانی عێراقی و پەرلەمانتاری شاری کەرکووک ئەرشەد ساڵحی و جێگری سەرۆکی گشتی بەرەی تورکمانی عێراقی و سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ئایدن مەعروف و ھاووڵاتیانی تورکمان و بەرپرسانی ئیداری بەڕێوەچوو.
ئەرشەد ساڵحی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەکە وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە بە سێدارەدانی چوار کەسایەتی تورکمان، رێکەوتی ١٦ی کانوونی دووەم بووەتە رۆژی یادکردنەوەی گشت شەھیدانی تورکمان.
ساڵحی گوتیشی: "تورکمانەکان تەنھا لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٨٠ کۆکوژ نەکراون، ئەوە یەکەم و دوا کۆکوژی نەبووە. لەوەتەی ساڵی ١٩٢٤وە بە کوشتنی مەحمود شیشچی لە لایەن چەتەکانی ئەرمەنی تاکو ئەمڕۆ بە شێوەی جیا بەردەوامە. کۆکوژییەکانی ساڵی ١٩٥٩ لە کۆکوژییەکانی ئەمڕۆی رێکخراوی تیرۆریستی داعش جیاواز نییە. چونکە نەیاندەویست تورکمانەکان لە سیاسەت کاریگەر ببن و پارتێکی سیاسی دابمەزرێنن. ئەگەر ئەم شەھیدانەمان نەبوایە ئەوا ئەمڕۆ وا بە ئاسانی لەسەر ئەم کورسییە نەماندەتوانی قسە بکەین".
لە لایەکی دیکەش سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ئایدن مەعروف رایگەیاند کە کۆکوژییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەی تورکمانییەکان بەمەبەستی گۆڕینی دیموگرافیای تورکمانەکان ئەنجامدراوە و گوتیشی: "بە سیاسەتی مەزھەبگەریی دەیانەوێت گەلەکەمان دابەش بکەن. بەڵام ئێمە جیاوازی مەزھەبگەریی لەبەر چاو ناگرین و تەنھا ناسنامەی تورکمان لە پلانی پێشەوە بۆ ئێمەیە. ئامانجی تورکمانەکانی عێراق بەدەستھێنانی مافی سیاسی خۆیانن لە ناوچەکەدا. باپیرانمان بۆ ماوەی ٦٠٠ ساڵ حوکمی ئەم ناوچەیان کردووە. لە مێژووی خۆمان کۆکوژی و ستەممان لە کەس نەکردووە. بەڵام ئەمڕۆ خەڵکەکانمان رووبەڕووی کۆکوژی دەبنەوە. لەم قۆناغە سەختەدا تورکیا وەک نیشتمانی دایک پشتیوانی لە ئێمە کردووە".
لە دوای خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بۆ شەھیدان رێوڕەسمەکە کۆتايی ھات.
رژێمی بەعس لە رێککەوتی ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٨٠ چوار سەرکردەی تورکمانی بە ناوەکانی نەجدەت کۆچاک، عەبدوڵاعەبدوڵرەحمان، عادل شەریف و رەزا دەمیرجی لە سێدارەدابوو.