ھەولێر
زێڕ کانزایەکی گران بەھایە کە لە ھەموو جیھان گرنگی و بایەخی خۆی ھەیە و لەحاڵەتی نزم بوونەوەی باری دارایی و ئابووری وڵاتان زێڕ وەک داھات دادەنرێت، لە ھەرێمی کوردستان دوای شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری لە ھەرێم نرخی زێر بەرزی و نزمی بە خۆیەوە بینی و زێڕینگران گلەیی لە کزبوونی بازاڕ و نزمی ئاستی کڕینی زێڕ لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەکەن.
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕینگران ئومێد ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی ئەو رەوشە دەکات و دەڵێت: "ھەرچەندە نرخی زێڕ بەرز و نزم دەبێتەوە بەڵام لە ئێستادا نرخی یەک مسقاڵ زێڕ٢٢٠ ھەزار دینارە و بەرزبوونەوەی زێڕ پەیوەندی بە بازاڕی جیھانەوە ھەیە و زۆر کاریگەری لە سەر زێڕینگران نابێت بەڵام زیاتر زیانەکە لە فرۆشتن ئەوە دایە کە کڕیار نەبێت".
ئومێد ئەحمەد گوتی: "پرسی ئابووری و شەڕی دژی داعش كاریگەری زۆری لە سەر قازانجی ئێمە هەبووە وپێشتر ساڵانە سێ تۆن و نیو زێڕ ھاوردەی بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان دەكرا بەڵام ئەم رێژەیە ئەمساڵ كەم بووە بە جۆرێ ئێستا كەمتر لە دوو تۆنیش ھاوردە ناكرێت، ئەویش ھۆكارەكە دەگەرێتە بۆ ئەوەی كە حكوومەت باجی لە سەر هاوردەكردنی ئەو كانزایە زیاد كردووە ئێمە جاران بۆ ھەر كیلۆیەك زێڕ 10 هەزار دیناری عێراقی باجمان دەدا بەڵام ئێستا ئەم باجە بووە 315 هەزار دینار واتە لە سەدا 315 باج لە ھەرێمی كوردستان لە سەر زێڕینگران زیاد بووە".
ھەروەھا لە درێژی قسەكانیدا ئومێد ئەحمەد گوتی: "ئەوەش وای كردووە كە ئێمەش نرخەكانمان لە گەڵ بەرزبوونەوەی باج زیاد بكەین، بەڵام خەڵك لە شەڕ و لە ژێر فشاری ئابووری دا ناتوانن روو لە كڕینی ئەو كانزایە بكەن. ئەمساڵ بە بەراورد لە گەڵ ساڵی رابردوو بازاڕی فرۆشتنی ئێمە لە سەدا ٨٠ كەمی كردووە و ئەگەر كار بەم شێوەیە بڕوات بە ناچاری دەست لەو كارە هەڵدەگرین ھەروەھا كرێی دووكانەكان پێشتر نزیكە ١٥٠٠ دوڵار بوو ئێستاش ھەر وایە و ھیچ كەم نەبۆتەوە ئەمەش زیانێكی دیكەیە بە ئێمە دەگات. لەم بارودۆخەدا زێڕ كڕین زۆر كەم بووە و زیاتر خەڵكی ھەرێم و بەتایبەتی ئاوارەكانی نێوخۆی زێڕ دەفرۆشن تاوەكو بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بكەن. لە ھەولێر تا ئێستا چەندین دووكانی زێڕینگری بەھۆی شكستی ئابوورییەوە دووكانەكانی خۆیان داخستووە".
جێگری سەرۆكی سەندیكای زێڕینگران لە بارەی كەمبوونەوەی رێژەی ھاوسەرگیریش گوتی: "بە دڵنیایی ئەو رەوشە كاریگەری ھەبووە لە سەر كەمبوونەوەی رێژەی زەواج بەڵام ئێستا ھەر كەسێك كە ھاوسەرگیری دەكات ٥٠ بۆ ٤٠ مسقاڵ زێڕ دەكرێت بەڵام پێشتر ٩٠ تا ١٠٠ مسقاڵ زێڕیان دەکڕی".
ئەحمەد لە كۆتاییدا گوتی: "ھیوادارم حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چارەسەریەك بۆ ئێمە بدۆزیتەوە و باج لە سەر هاوردەکردنی زێڕ كەمبكاتەوە".
لە بازاڕەكانی زێڕی ھەرێمی كوردستان چەند جۆر زێڕ ھەن توركی، خەلیجی، ھیندی، سەنغافۆری، كوێتی، ئێرانی، گرانترین زێڕیش زێڕی كۆێتی و توركی و ھیندیە.