ھەولێر
لە کابینەی پێشتری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیون و پێنج سەد ھەزار دونم زەوی کشتۆکاڵی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی بردراوە هەتا بۆ پرۆژەکانی شارەوانی بەکار بێت بەڵام وەزارەتی کشتۆکاڵی ئێستا داوی ئەو زەویانە دەکات.
وەزیری کشتۆکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان عەبدولستار مەجید لەو بارەوە بۆ رۆژنامەنوسان گوتی: "ئەمە کێشەیەکە هەتا ئێستا ھەمانە کە شارەوانی ئەو زەویانەی کشتۆکاڵی بۆ پرۆژەکانی خۆی بەکار ھێناوە و ئێمە لێژنەمان دروست کردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو زەویانە دەگەڕێنینەوە و ھەر زەویەکی کە سیفەتی کشتۆکاڵی لە دەست نەدابێت ئەوە دەگەڕێتەوە."
عەبدولستار مەجید لە درێژەدا گوتی: "ئێمە زەوییەکانی کشتۆکاڵی بە ھیچ پرۆژەیەکی دەرەوەی وەزارەتی کشتۆکاڵ نادەین و ئێمەش بۆ بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان چەندین پرۆژەمان لەبەر دەستە".
ناوبراو ھەروەھا لە کۆتاییدا گوتی: "ئەو زەویانەی کە پرۆژەیان تێدا کراوە یاخود بوونەتە بازرگانی ئەوان لە رابردوودا مۆڵەتیان وەرگرتووە و دەستکاری ناکرێت و ئەمەش بە کەمتەرخەمی دادەنێم بەتێروانینی ئەوان کشتۆکاڵییە. بێگومان نابێت تەنیا سکتەری ئابووری لە ھەرێم نەوت بێت، بەڵکو سکتەرەکانی دیکەش بەرچاو بگرن و بۆ ئەم بابەتەش ئەنجوومەنی وەزیرانیش پاڵپشتی ئێمەیە".