Hemin Hüseyin
16 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2017
هەولێر - AA
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان کۆڕبەندی هزری ئیسلامیی بەڕێوەدەچێت کە تێیدا زانایانی ئایینی ئیسلام و پیاوانی ئایینی ئایینەکانی دیکە لە کوردستان بانگهیشت دەکرێن و بەپێی پێویستی بابەتەکە، تەوەرەکان دەست نیشان دەکرێن.
لە شاری هەولێر بەئامادەبوونی زانایانی ئایینی ئیسلام و پیاوانی ئایینی ئایینەکانی دیکە، دیدارێک بەڕێوەچوو بەناونیشانی (رۆڵی زانا و پیاوانی ئایینی لە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و توندڕەویی لە دوای داعش) کە تێیدازانایانی ئایینی ئیسلام و پیاوانی ئایینی تیشکیان خستە سەر هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی کێشەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی ململانێیەکان.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی کوردستان، پێی وایە لە دوای نەمانی تیرۆریستانی داعش، ئەوا ئەرکی زانایانی ئایینی ئیسلام و پیاوانی ئایینی قوڕستر دەبێت و دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین کە ئەو متمانەیەی پێشووتر هەبووە، ئەوا بگەڕێتەوە و هاوکات ئاماژەیشی بەوەکرد کە پێویستە ئاشتی کۆمەڵاتی بەرقەراربێت.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی کوردستان مەلا عەبدوڵڵا سەعید وەیسی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دوای نەمانی داعش، ئەرک و رۆڵی پیاوانی ئایینی گرانتر دەبێت، دەبێت ئەو ئایدۆلۆجیا توندڕەوییەی داعش لە هزر و بیری ئەوان بسڕینەوە چونکە ئەو ئایدۆلۆجیایە پەیوندی بەهیچ ئاینێک نییە و پێویستە رووبەڕوویان ببینەوە، لە لایەکی دیکەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، ئاشتی کۆمەڵایەتی لەناوچووە و پێویستە ئەوە بونیادە بنرێتەوە، بەمانایەکی دیکە، ئەو متمانەیەی پێشووتر لە نێوان پێکهاتەکان هەبووە، ئەو متمانەیە بگەڕێتەوە".
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی کوردستان ئاماژەش بەوە دەکات کە لە دێرزەمانەوە جێگای بیری توندڕەویی لە هەرێمی کوردستان نەبووەتەوە و گوتی: "لە دێر زەمانەوە ململانێیەک هەبووە لەنێوان توندڕەویی و میانڕەوی، هەرێمی کوردستانیش لە دێرزەمانەوە شوێنی ئایینی میانڕەویی بووە و بەشێوەیەک جێگای بیری توندڕەویی لێ نەبووەتەوە، بۆیە مامۆستایانی ئایینی دەبێت رۆڵێکی کاریگەریان هەبێت لەو بارەیەوە".
هەر لەو دیدارەدا قەشەیەکی مەسیحییەکان پێی وابوو دەبێت کۆمەڵگا لەوە تێبگات کە قسەکانی پیاوانی ئایینی سوودی خۆی هەیە و ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستە هەموو لایەک هەوڵ بدەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
قەشە یەعقوب باباوی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەردەوام پیاوانی ئایینی رۆڵی باشیان هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشە و ململانێیەکان، لەبەرامبەر ئەوەشدا دەبێت کۆمەڵگا تێبگات کە گوتەکانی پیاوانی ئایینی بەسوودە بۆ چۆنیەتی پێکەوەژیان و بەرقەرابوونی ئاشتی و لە هەمانکاتدا ئەو جۆرە دیدارانە سوودی زۆری هەیە بۆ هەموو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان".
هەرێمی کوردستان لە کۆنەوە شوێنی پێکەوەژیانی پێکهاتە و سەرجەم ئایینەکان بووە و تاوەکو ئێستا هیچ کێشە و ململانێیەک لەنێوان پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکاندا رووینەداوە و قەشە یەعقوب باباوی ئاماژە بە بەرقەرابوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "ئێمە لە کۆنەوە لە هەرێمی کوردستانین، تاکو ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئایینەکانی دیکەدا نەبووە و ئەوانیش کێشەیان لەگەڵ ئێمەدا نەبووە و هەموومان بەگیانێکی تەبایی بەیەکەوە دەژین و هەمیشە ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرقەراربووە".