Zana Natık Kerem
28 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2026
چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق ڕایانگەیاند کە دەوڵەت بڕیار لەبارەی ئاشتی و جەنگ دەدات و جەختیان لەوەش کردەوە کە تەواوبوونی ڕێڕەویی سەروەریی عێراق، دەبێتە مایەی بەھێزکردنی دامەزراوەکان، ھەروەھا قۆناغی داھاتوو پەیوەندی و ھاریکارییەکانی وڵات لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و ڕۆشنبیری فراوانتر دەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھەریەک لە سەرکۆمار نزار ئامێدی، سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەیبەت حەلبووسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی فایەق زێدان لە کۆشکی سەلام لە بەغدا کۆبوونەتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی گشتی عێراق و پێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێکراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کراوەتەوە لە گرنگی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا و بەردەوامبوون لە ھەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان، بە جۆرێک کە بێتە مایەی باشترکردنی دۆخی ژیان و خزمەتگوزاری و بەھێزکردنی متمانە بە دەزگاکانی دەوڵەت.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، ئامادەکارییەکانی ئێستای بۆ ئاھەنگگێڕان بە بۆنەی ڕۆژی سەروەرییەوە تاوتوێ کراون و لەوبارەیەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە تەواوبوونی ڕێڕەویی سەروەریی عێراق، دەبێتە مایەی بەھێزکردنی دامەزراوەکان، ھەروەھا قۆناغی داھاتوو پەیوەندی و ھاریکارییەکانی وڵات لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و ڕۆشنبیری فراوانتر دەکات.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پاڵپشتی خۆیان بۆ داواکاریی حکوومەتی عێراق دووپات کردووەتەوە لەبارەی بەدەرکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف لە ڕێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەکە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق ڕاشیگەیاندووە کە بەشداربوونی کۆبوونەوەکە جەختیان کردووەتەوە لە گرنگی تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی ئێستا، بە شێوازێک کە حکوومەت بتوانێت کارنامەکەی جێبەجێ بکات.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان لەوە کراوەتەوەکە بڕیاری ئاشتی و جەنگ لە دەستی دەوڵەتدایە و دەبێت چەک لە چوارچێوەی دەزگا دەستووری و یاساییەکاندا بێت و پێویستە پرسی بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن، بەشێوەیەک سەروەریی وڵات بەھێزتر بکات و ئارامی و سەقامگیریی وڵات بپارێزێت، ھەروەھا یەکگرتووی بڕیاری نیشتمانی دەستەبەر بکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و مەترسییەکاندا.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە گرنگە ئەو یاسا گرنگانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی ھاووڵاتییانەوە ھەیە دەربکرێن، پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕۆڵی چاودێری خۆی بە باشی بگێرێت بە جۆرێک ببێتە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەماکانی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی کراوە و لەو بارەیەوە جەخت کراوەتەوە لەسەر پاڵپشتیکردن لە ڕێکارەکانی حکوومەت و ھەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەریی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کارگێڕیدا و لێپرسینەوە لە ھەموو ئەو کەسانەی کە سەرپێچی یاسایی دەکەن.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی ئابووری وڵات و لەو بارەیەوە جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە ڕێکاری پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستانگەی کە ئەگەری ھەیە وڵات لە ڕووی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی ببێتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێشھاتەکانی ناوچەکە کراوە و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە عێراق لەگەڵ ئەوەدایە کە ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن، ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە بەدی بێت.