Dilşad Seyfeddin Ahmet
26 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2016
كۆبوونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی بە سەرپەرشتی ئەندامانی سەركردایەتی هاوبەشی هەردوولا ئەنجام درا و ماوەی زیاتر لە دوو سەعاتی خایاند.
دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، رێكەوتن زەكی گوتی: "لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا بە پێكهێنانی فراكسیۆنێكی هاوبەش و هەردوولا لە ژێر چەترێكی هاوپەیمانێتییەكەدا كاردەكەین هەروەك چۆن سەركردایەتی هەردوولا بڕیار دەدات، ئێمەش لە فراكسیۆنەكانی هەردوولا ئیئتلاف و فراكسیۆنی هاوبەشمان هەیە و بەو شێوەیە لە قۆناغی سەرەتادا كار دەكەین".
ئەو هەروەها گوتی: "ئێستا لە قۆناغی سەرەتایی ئیئتلافداین و لە ژێر یەك چەتر و فراكسیۆنەكانمان ناوی فراكسیۆنی هاوبەشە و یەك بڕیار و قسەمان دەبێت لەسەر كۆی خاڵەكان، زەمینە سازیش هەیە بۆ سەركەوتن لەم قۆناغەدا".
زەكی ئاماژەی كرد بەوەی کە كۆبوونەوەكە تەنها بۆ باسكردن بووە لە رێکكەوتنی یەكێتی و گۆڕان و پلانی فراكسیۆنەكان و بەهیچ شێوەیەك باسیان لە رێکكەوتنی پێشووی نێوانیان بۆ ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا نەكردووە.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەنوەر تاهیر رایگەیاند "ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی ئیئتیلافی هاوبەشی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، ئەوەیش دەبێتە یەكەم كۆبوونەوە و لەمەودوا كاری هاوبەش و بە بەرنامەی هاوبەش لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك كاردەكەین و پڕۆژە پێشكەش دەكەین لەسەر بنەمای یاسای پارێزگاكان، كار دەكەین بۆ چەسپاندنی لامەركەزی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان".
تاهیر گوتی: "لە هەردوولا كەسانی خاوەن ئەزموون و شارەزا هەیە و لە ئێستاوە لە ژێر چەتری ئیئتیلافێكی هاوبەشدا كاردەكەین و پڕۆژەی باشتر پێشكەش دەكەین و كۆدەنگی بۆ ئامادە دەكەین، ئەوەیش وا دەكات كاری باشتر پێشكەش بكەین و بەو شێوەیە تەختیەی سەرجەم قەزا و ناحیەكان بكەین".
لە دوای واژۆكردنی رێكکەوتنامەی سیاسی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە مانگی رابردوودا، هەردوولا سەركردایەتییەكی هاوبەشی ١٢ كەسییان پێكهێناوە و ئەو سەركردایەتییە دەستی بە هەوڵەكانی كردووە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەلایەك و كۆبوونەوە لەگەڵ فراكسیۆنەكانی هەردوولا لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی ناو رێكکەوتنەكە و یەكگرتنەوەی فراكسیۆنەكانیان.
هەفتەی رابردوو ئەو سەركردایەتییە لەگەڵ فراكسیۆنەكانی هەردوولا لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوویەوە و بەهەمان شێوە لەسەر پێكەوە كاركردن رێكکەوتن.