Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2017
سلێمانی-AA
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، حزبەكەی لەگەڵ ئەوەیە باشترین رێکكەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی كوردستان. لە هەمان كاتدا ئاماژە بەوەش دەكات کە یەكێتی بەهیچ شێوەیەك نایەوێت بەتەنها حوكمڕانی بكات لەگەڵ پارتی و دەیەوێت بە بەشداری لایەنەكانی تریش بێت.
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قادر عەزیز لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی و دواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان یەكێتی و پارتی و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان، هەروەها نیگەرانییەكان لەسەر رێكکەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و هەنگاوەكانی داهاتووی حزبەكەی دەكات.
رۆژی شەممەی رابردوو لە گردی دەباشان و لە ماڵی سكرتێری گشتی حزبەكە، جەلال تاڵەبانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرپەرشتی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی حزبەكە، كۆسرەت رەسول عەلی و بەشداری زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەڕێوەچوو، ئەوەش یەكەم كۆبوونەوەی لەو شێوەیەی حزبەكەیە دوای شەش مانگ لە كێشە و گرفتە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەڕێوەدەچێت و زۆربەی ئەندامانی ئامادەی دەبن.
قادر عەزیز سەرەتا لە بارەی ئەو كۆبوونەوەیەوە دوا و گوتی: "كۆبوونەوەیەكی گرنگ بوو كە بۆ شەش مانگ دەچێت بۆ یەكەمجارە یەكێتی و مەكتەبی سیاسی هەموو پێكەوە كۆدەبنەوە، پێشتر كێشەیەك هەبوو لەناو یەكێتی كە ئەو كۆبوونەوانە نەدەكرا، خۆشبەختانە ئێستا ئەم كێشەیە چارەسەركرا، بۆیەكەمجار دوای ئەو ماوە درێژە مەكتەبی سیاسی پێكەوە كۆبوویەوە و چەند خاڵێكی لەخۆگرتبوو، لەوانەش دۆخی ناوخۆیی یەكێتی و ئەو كێشانەی هەبوو چارەسەر كرا و لەمەودوا كۆبوونەوەكان پێكەوە و لە كاتی خۆیدا دەكرێت، دواتر كۆبوونەوەی سەركردایەتیش دەكرێت، بڕیاری ئەوەش درا ئەو بڕیارانەی لە كۆبوونەوەكان دەدرێت هەموولایەك پاندبن پێیەوە".
بەرپرسەكەی یەكێتی باس لەوە دەكات حزبەكەی پڕۆژەی نەخشە رێگایەكی ئامادە كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان و لەو بارەیەوە گوتی: "یەكێتی پڕۆژەی نەخشە رێگایەكی هەیە كە تایبەتە بەچارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كێشە سیاسی و یاسایی و ئابوورییەكان، ئەو پڕۆژەیە تایبەت نییە بەحزبێك و لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانانە و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردی، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی پێنجشەممە مەكتەبی سیاسی جارێكی تر كۆبوونەوەی لەسەر دەكات و دواتریش سەركردایەتی كۆبوونەوە دەكات و بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت پڕۆژەكە ببێتە نەخشەڕێگای چارەسەركردنی قەیرانەكان".
قادر عەزیز زیاتر لەسەر پڕۆژەكە دوا و گوتی: "ئەو پڕۆژەیە هەموو بوارەكانی گرتۆتە خۆی لە شێوازی چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، بارودۆخی ناوچەكە، ئەگەرەكانی بەردەم كورد و ناوچەكە، قۆناغی شەڕی دوای داعش و پەیوەندی لەگەڵ عێراق".
لە كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیار درا لەسەر ئەوەی کە گۆڕانكاری لە پشكی پۆستەكانی حكوومەت بەڕاوێژ لەگەڵ حكوومەت بكرێت، هەروەها ئاڵوگۆڕ لە ئۆرگانەكانی ناو یەكێتی و دانانی پۆستەكانی تر لەبەغدا و هەولێر پەسەند كرا.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بارەی وردەكانی ئەو بڕیارەوە گوتی: "بڕیارەكە بەو شێوەیە ئەو دامودەزگایانەی پێویستە گۆڕانكارییان تێدا بكرێت بگۆڕدرێن، بۆ ئەوەش لیژنەیەك پێكدێت و تاوتوێی ئەو پرسە دەكات كە بەشێوەیەك بێت لە خزمەتی گەشەپێدانی یەكێتی و راپەڕاندنی كارەكانی یەكێتیدا بێت كە ئەو گۆڕانكارییانە بكرێت و بەشێوەیەكی گشتگیر بێت، هەروەها كۆمەڵێك پۆست هەیە كە ئیستحقاقی یەكێتییە لە هەرێمی كوردستان و عێراق كە تائێستا پڕ نەكراونەتەوە تاوەكو پڕ بكرێنەوە".
بەگوتەی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارە ئەم هەفتەیە دەست بەكۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و لایەنەكان بكاتەوە، یەكەم لایەنیش لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبنەوە.
قادر عەزیز لە بارەی دەرەنجامی كۆبوونەوەكانی پێشتری هەردوولا و بڕیاری كۆبوونەوەی داهاتوو گوتی: "كۆبوونەوەی رابردووی نێوان یەكێتی و پارتی زیاتر راوبۆچوون گۆڕینەوە بووە و هیچ رێكکەوتنێك نەكراوە، كۆبوونەوەی تر لە نێوان هەردوولا دەكرێت، پێوەر و سەنگی محەكی یەكێتی بۆ هەر رێكکەوتنێك لەگەڵ لایەنێك ئەوەیە تا چەند لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە. یەكێتی بەهیچ شێوەیەك ئینفیراد ناكات بەڕێكەوتن لەگەڵ هیچ لایەنێك و پێی وایە دەبێت پێكەوە بەهەموو لایەنەكان كێشەكان چارەسەر بكرێن بە بەشداری هەموو لایەنەكان بەتایبەت پێنج لایەنە سەرەكییەكە، نابێت هیچ لایەك پەراوێز بخرێت و كێشەكان بەهەموو لایەنەكانەوە چارەسەر دەكرێن كە پێویستە چارەسەری بنەڕەتی بن".
بەرپرسەكەی یەكێتی ئەوەشی گوت کە حزبەكەی لەگەڵ ئەوەیە باشترین رێكکەوتنی لەگەڵ پارتی هەبێت بەڵام نابێت ئەو رێکكەوتنە لەسەر حسابی لایەنەكانی تر بێت و گوتی: "یەكێتی هەر رێكکەوتنێك لەگەڵ پارتی بكات لەسەر حسابی هیچ لایەك نابێت بەتایبەت ئەو رێكکەوتنەی لەگەڵ گۆڕان هەیە".
لە بارەی وردەكاری رێکكەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی، ئەو لە وەڵامدا گوتی: "ئەوەی باس دەكرێت تائێستا نازانرێت چۆنە و رێكکەوتنی ستراتیجی نێوان هەردوولاش تائێستا هەڵنەوەشاوەتەوە، ئەوە گۆڕانكاری تێدا دەكەن یان رێكکەوتنێكی تازە دەكەن یان لەسەر ئەو پڕۆژانەی هەیە رێك دەكەون، یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە باشترین رێكکەوتنی لەگەڵ پارتی هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی ھەرێمی كوردستان، چونكە هەردوولا دوو هێزی سەرەكین لە ھەرێم و حوكمڕانی، بەڵام دیارە یەكێتی بەهیچ شێوەیەك نایەوێت بەتەنیا ئەو حوكمڕانییە بكات لەگەڵ پارتی و دەیەوێت بە بەشداری لایەنەكانی تریش بێت وهیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد "ئەو كێشانەی هەیە بەبێ لایەنەكانی تر چارەسەر نابن تەنانەت یەكێتی و پارتیش، رێكکەوتنی یەكێتی و پارتی گرنگە بەو مەرجەی لەسەر حسابی لایەنەكانی تر نەبێت".
سەبارەت بەهەڵوێستی حزبەكەی لە بەرامبەر نیگەرانییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر رێكکەوتنی سیاسی نێوانیان كە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو لە سلێمانی واژوو كرا، قادر عەزیز گوتی: "لەگەڵ گۆڕان لەسەر ئاستی سەركردایەتی كۆبوونەوە دەكرێت بۆ قسەكردن لەسەر ئەو رەخنە و گلەییانەی هەردوولا لە بارەی جێبەجێكردنی رێكکەوتنی نێوانیان هەیە، ئێمە پابەندبوونی خۆمان بەو رێكکەوتنەوە دووپاتكردەوە و پێمان وایە رێكکەوتنێكی گرنگە و پەیوەندی بەسەقامگیری ئەم دەڤەرەوە هەیە كە ئەوەش بەشێكە لە سەقامگیری هەموو ھەرێمی كوردستان و پەیوەندی بەم ئیدارە هاوبەشەوە هەیە كە ئێستا لەلایەن یەكێتی و گۆڕان پێكهاتووە".