Zana Natık Kerem
30 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2026
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی، قاسم ئەعرەجی ڕایگەیاند کە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق کۆتایی ھاتووە.
قاسم ئەعرەجی لەبارەی کۆتاییھاتنی ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە : “وەک تەواوکردنی ئەو دانوستان و لێکتێگەیشتنانەی کە لە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢١وە دەستیان پێکردووە، ئەمڕۆ گەیشتووینەتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بوونی ھێزەکانیان لە عێراق.”
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی ڕاشیگەیاندووە: "ئەو ھەنگاوە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و خواستەکانی گەلی عێراق دەکات".
قاسم ئەعرەجی باسی لەوەش کردووە: "سەرکەوتن بەسەر ڕیکخراوی داعشدا بەھۆی قوربانیی عێراقییەکان و قارەمانێتیی ھێزە چەکدارەکان بووە، بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست و دراوسێ، کە عێراق رێز لەو رۆڵەیان دەگرێت".
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی، قاسم ئەعرەجی لە ڕاگەیاندراوەکەدا، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە کۆتاییھاتنی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق بە مانای کۆتاییھاتنی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا نییە، بەڵکو پەیوەندییەکان دەگۆڕدرێن بۆ پەیوەندیی دوولایەنەی بەھێزتر.
قاسم ئەعرەجی ڕاشیگەیاندووە کە ھاریکاری ئەمنی و ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی ھاوبەش بەردەوام دەبن کە ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاڵپشتیکردن لە خواستەکانی گەلی عێراق بۆ ئاشتی و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بەردەوام.