Cemal Sargati
13 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2017
سلێمانی-AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رێزان شێخ دلێر لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە پرۆژەكەی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەكان، بەسەرۆكایەتی عەممار حەكیم دەكات.
رێزان شێخ دلێر گوتی: "لە ئێستادا پرۆژەیەك هەیە ئەو پرۆژەیەش هی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراقە كە عەممار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات بەناوی تەسویەی سیاسی یاخود نیشتیمانی كە بەڕای خۆیان بۆ سەرجەم لایەنەكان گرنگە و لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان ئەم پرۆژەیان داناوە، بۆیە بەبڕوای خۆیان ئەم پرۆژەیە گرنگە".
رێزان شێخ دلێر گوتی: "ئێمە لە تازەترین رووداودا كە بینیمان خۆپیشاندانەكانی شاری بەغدا بوو كە لەلایەن سەدرییەكان دژی مالكی و عەممار حەكیم خۆپیشاندانیان كرد، كەواتە ئایا هاوپەیمانی نیشتیمانی تەسویەی خۆیان دەكەن یاخود نا، بەڵام كۆی پرۆسەكە بەسەركەوتووی دانانێم، بەلای منەوە ئەم چینە سیاسیە كە ئێستا هەیە لەلای هاووڵاتییان گرنگیان نەماوە، هەمووان دەزانن نزیك بووینەتەوە لە هەڵبژاردن و ئەوان دەیانەوێت لەم رێگەیەوە گرنگی بۆ خۆیان بگەڕێننەوە و هاووڵاتی بۆلای خۆیان رابكێشنەوە".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رێزان شێخ دلێر ئەوەشی گوت: "ماڵی كورد زۆر پەرت و بڵاوە و هاوپەیمانی نیشتیمانیش كە هەفتەی رابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد باسیان لە سەربەخۆی كوردستانیان كردووە، بەڵام ئەم پرۆژەیەی ئەوان باس لە مانەوەی هەرێمی كوردستان دەكات لەسەر عێراق و سەرجەمی پرۆژەكەی حەكیم باس لەمانەوەی عێراقێكی یەكگرتوو دەكات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد کە شیعەكان خۆیان باوەڕیان بەم پرۆژەی خۆیان نییە و تەنها شتێكە بۆ ورووژاندنی بابەتی رۆژە و هیچی تر.
ئەو رای خۆی وەك پەرلەمانتارێكی كورد لەسەر پڕۆژەكە دەخاتەڕوو، بەوەی هیچ گرنگییەكی بۆ كورد نابێت و گوتی: "وەك خۆم پڕۆژەكەی عەممار حەكیم بۆ گەلی كورد هیچ بەگرنگ نازانم، تەنانەت بۆ عێراقیش گرنگ نییە ئەگەر ئەو كەسانە هەستن بەم كارە، چونكە بڕوای ئەوان وەك سیاسیەك هی تەسویەكردن نییە، خەڵك لەم كەسانە بێزار بوون و هیچ شتێكیان نەكردووە لەخزمەتی خەڵكدا بێت".
هەفتەی رابردوو شاندی باڵای هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق بەسەرۆكایەتی عەممار حەكیم سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی و لایەنە سیاسییەكانی تر كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردن و گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەكەی حەكیم كە پڕۆژەیەكی ئاشتەوایی نیشتمانییە و جەخت لەسەر بنیاتنانەوەی وڵاتەكە و رەتكردنەوەی جیاوازی تائیفی و گەڕانەوەی متمانە لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكان دەكات.