jamal sargaty
28 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2015
بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری هونەرمەندانی شاری سلێمانی و بەڕێوەبەری رۆشنبیری شاری سلێمانی، رێكخراوی هونەرەجوانەكان لە وڵاتی سوید رێوڕەسمێكی رێزلێنانى بۆ چوار هونەرمەندی دیاری شاری سلێمانی ئەنجام دا كە ماوەیەكی زۆرە لە بواری هونەردا كاریان كردووە وخزمەتیان لەم بوارەدا كردووە.
ئەو هونەرمەندانە بریتین لە هەریەك لە كەمال چالاك، دایكی ئاریان، حاجی مەكی (پێش هەفتەیەك كۆچی دوایی كرد)، عەلی نوری، خەڵاتەكانیش لەبواری كورتە فیلمدا بوون.
سەرۆكی رێكخراوی هونەرە جوانەكان لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دڵشاد ئەحمەد لەبارەی ئەم مەراسیمەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "رێكخراوی هونەرە جوانەكان لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید ساڵانە فێستیڤاڵی فیلمی كوردی هەیە و ئەم ساڵ دووەمین فێستیڤاڵ بوو كە ئەنجام درا و توانیمان لەو فێستیڤاڵەدا رێز لەو چوار هونەرمەندەی شاری سلێمانی بگرین".
ئەو گوتیشی: "ئەم رێزلێنانە لە بەرامەبەر ئەرك و ماندووبوونیانە كە لەو بوارەدا ئەنجامیان داوە و توانیویانە خزمەت بە هونەری كوردی بكەن و هونەری كوردی بەرەوپێش بەرن".
دڵشاد هیواشی خواست لە ئایندەدا بتوانن رێزلێنان بۆ سەرجەم هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی كوردستان ئەنجام بدەن چونكە هونەرمەندان ژیانی خۆیان لە پێناو هونەری كوردی بەخت كردووە.
لەلای خۆیەوە هونەرمەندی دیار كەمال چالاك گوتی: "وەك خۆم سوپاسی رێكخراوی هونەرە جوانەكان لە وڵاتی سوید دەكەم كە هەستاون بە ئەنجامدانی ئەم مەراسیمە و ئەم دیارییانەیان پێشكەش بە ئێمەی هونەرمەندان كرد".
ئەو لە کۆتاییدا گوتیشی: "ئەم رێزلێنانە وای كرد كە زیاتر لە بواری هونەر كار بكەین و زیاتر بتوانین دڵی جەماوەرەكەمان خۆش بكەین و هەتا بتوانین خزمەتی خەڵكی كوردستان دەكەین".