Hemin Hüseyin
13 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2017
هەولێر-AA
سەرۆکی گرووپی پارتی دیموکرات لە کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیتاڵیا، لیا کۆرتەپێلاس: "باسی کێشەی ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد بە تایبەت کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەوەمان دووپاتکردەوە کە دەبێت هەموولایەنەکان بەیەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی هەنگاوەکانییان بەرەوپێشەوە بڕۆن".
سەرۆکی گرووپی پارتی دیموکرات لە کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیتاڵیا، لیا کۆرتەپێلاس، سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەعفەر ئێمينکی پێشوازی لێکرا لە کۆبوونەوەیەکدا تیشکیان خستە سەر کێشەکانی حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان و هاوکات باسی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و بە تایبەت پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەیان بوو.
سەرۆکی گرووپی پارتی دیموکرات لە کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیتاڵیا، لیا کۆرتەپێلاس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە ناوەرۆکی دانیشتنەکەیان کرد و گوتی: "لەو دانیشتنەدا باسی کێشەکانی حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستانمان کرد، هەروەها باسی کێشەی ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد بە تایبەت کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەوەمان دووپاتکردەوە کە دەبێت هەموولایەنەکان بەیەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی هەنگاوەکانییان بەرەوپێشەوە بڕۆن".
لیا کۆرتەپێلاس گوتیشی: "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان قەیرانی داراییە و هاوکات لەخۆگرتنی رێژەیەکی زۆر لە ئاوارەکان ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە کە هەرێمی کوردستان تووشی فشارێکی زۆر بووە".
جێی ئاماژەیە ساڵی رابردوو بە هۆی کێشە و ململانێیە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان لە کارکەوت و تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەیەکی ئاسایی تێدا ئەنجام نەدراوە کە سەرجەم فڕاکسیۆنەکان بەشداربن.