سلێمانی
شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە پێكهاتبوون لە حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و شۆڕش ئیسماعیل ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لەتیف شێخ عومەر لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی سەردانی بارەگای سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانیان كرد لە گردی زەرگەتە و لەلایەن شاندێكی بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازییان لێ كرا كە پێكهاتبوون لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان جەلال جەوهەر و عومەری سەید عەلی و باژێرڤانی سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاسۆ رەحیم.
پاش كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەتیف شێخ عومەر و ئاسۆ رەحیم دەربارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بۆ میدیا رایانگەیاند كە ئەم جۆرە كۆبوونەوانە بۆ باشتركردن و ئاساییكردنەوەی زیاتری پەیوەندییەكانمان گرنگ و پێویستە و ئێمە پێویستە جار بەجار كۆببینەوە.
ئاسۆ رەحیم گوتی: "پێشتر پەیوەندی گۆڕان و یەكێتی نائاسایی بوو ئەوەی ئێستا هەیە لە نێوانماندا ئاساییە و نزیكبوونەوەشمان بۆ لێدان نییە لە هیچ لایەنێك و بەرژەوەندی هیچ لایەنێك بەڵكو بەپێچەوانەوە بۆ كۆی دۆخی سیاسی هەرێم گرنگە و بەسوودیش دەبێت بۆ هەموو كۆمەڵانی خەڵك و ئەو بوختانە دوورە لە راستی كە نزیكبوونەوەمان لە دژی لایەنێكی دیاریكراو بێت".
دەربارەی دەنگۆی یەكگرتنی یەكێتی و گۆڕان لەتیف شێخ عومەر گوتی: "ئێمە باسی ئەو بابەتەمان نەكردووە بەڵام بۆ نزیكبوونەوە و كاری هاوبەش باسمان لەوە كردوە كە لە پەرلەمان بیروڕاكانی فراكسیۆنەكانمان نزیك بكەینەوە و هەتا رادەیەك كاری پێكەوەیی بكەین و هاودەنگ بین لەو كارانەی پەیوەندییان بە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانەوە هەیە تا بتوانین پێكەوە باشترین خزمەت بە خەڵك بگەیەنین".
راشیانگەیاند كە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆ بووە دەربارەی حكوومەتی خۆجێی سلێمانی و ئاسۆ رەحیم گوتی: "پۆستەكانی پشكی گۆڕان لەڕووی حزبییەوە یەكلا بوونەتەوە كە كەسەكان كێن و تەنها كاری ئیداری ماوە و هەفتەی داهاتوو سەرجەمیان كە 32 پۆستە دەستبەكار دەبن و لە مەراسیمێكدا ئاڵوگۆڕی پۆستەكان دەكرێت".
دەربارەی بەشداری پارتیش لە سلێمانی گوتیان ئێمە كۆ دەبینەوە لەگەڵیان و هەوڵ دەدەین كەس لە دەرەوەی حكوومەتەوە نەبێت و بەپێی دەسکەوتی هەڵبژاردن مافی كەس ناخورێت.