سلێمانی
گردبونەوەكە لە لایەن حزبی شیوعی كوردستانەوە بە بۆنەی یەكی ئادار (رۆژی كرێكارانی جیهان) لە پاركی نالی رێكخرابوو، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و حزبی و پەرلەمانتاران و كرێكاران ئامادەی بوون.
یاداشتنامەی حزبی شیوعی كوردستان لەلایەن كرێكارێكەوە (ئازاد لەتیف) خوێندرایەوە و دواتر ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرا، تێدا داوای پشتیوانی و پشتگیری لایەنە بەرپرسەكان دەكات لە مافەكانی كرێكاران.
لە یاداشتەكەدا هاتووە: "پێویستە لەسەر حكوومەت وەڵامی داواكارییەكانی كرێكاران و هاووڵاتییان بداتەوە و چارەسەری ئەو رێژە بەرزەی بێكاری بدۆزێتەوە و هەلی كار بۆ بێكاران بڕەخسێنێ و سیاسەتی ئابووری ریعی بە ئاراستەی بەرهەمهێنانی هاوسەنگ لە هەموو كەرتەكانی بەرهەمهێنان لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی شان بەشانی بەرهەمهێنان لە كەرتی نەوتیدا بگۆڕێت".
بە گوێرەی یاداشتەكە قەیرانی دارایی و هەژاری و بێكاری بووەتە هۆی داخستنی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا و ناوەندی بازرگانی و پیشەسازی و لەسەركار لابردنی هەزاران كرێكار كە زیاتر لە 150 هەزار كرێكار بێكار بووە و 50 هۆتێل و چێشتخانە داخراون و 250 خاوەن كار مایەپووچ بوون و لە كۆی 2180 كارگە سێ هەزاریان داخراون.
لە كۆتایی یاداشتەكەشدا حزبی شیوعی داوای لە دەسەڵاتە گشتییەكانی هەرێم و لایەنە جیاجیاكان كردووە، یاسایەكی نوێی كار بە پێی یاساو رێكەوتنامە نێودەوڵەتییەكان مسۆگەر بكات، هەروەها جێبەجێكردنی سیاسەتی بەكارخستن كە لەلایەن حكوومەتەوە بڕیاری لەسەر دراوەو نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بە گوێرەی ئامارەكان لە ساڵی 2014 دا لە هەرێمی كوردستان 45 كرێكار لەسەر شوێنی كارەكانیان و لە ساڵی 2015 دا هەشت كرێكار گیانیان لەدەست داوە.
عوسمان حەمەسەعید چالاكوانی بواری بەرگری كردن لە مافەكانی كرێكاران بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كرێكارانی هەرێمی كوردستان رەوشێكی خراپیان هەیە و هیچ بیمەیەكی تەندروستی و كۆمەڵایەتییان نییە و یاسایەكی تایبەت بەو بوارە نییە".
ئاماژەی بەوەش كرد، هاتنی ژمارەیەكی زۆر كرێكاری بیانی بۆ هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەك كاری لەسەر كرێكارانی ناوخۆ و بێكاری كردووە، بەڵام كێشە ئەوەیە حكوومەت گرنگی بە كەرتی نەوت دەدات و كەرتەكانی تری فەرامۆش كردووە.
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاری هەرسین لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی گردبونەوەكە گوتی: "دەركردنی یاسایەكی تایبەت بۆ كرێكاران و دابینكردنی مافەكانیان لەو یاسایەدا پێویستە، هەروەها پێویستە خاوەن كارەكان ناچار بكرێن رێز لە كرێكاران بگرن و بە ویستی خۆیان نەیان چەوسێننەوە".
پەرلەمانتارەكەی كوردستان بەڵێنی ئەوەی بە رێكاران دا كار بكەن تا لەم خولەی پەرلەماندا پڕۆژە یاسای كرێكاران پەسەند بكەن و مافەكانیان لەو یاسایەدا دابین بكەن.