سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی، پێنجەمین فیستیڤاڵی گوڵ و نەمامی لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی رێكخست.
لە فیستیڤاڵەكەدا سەدان جۆر گوڵ، نەمام و درەخت نمایش كران. هاوكات لە بارەی چۆنیەتی چاندن و خزمەتكردنی ئەو گوڵ و نەمامانەوە زانیاری پێویست درایە هاووڵاتییانی بەشداربووی فیستیڤاڵەكە.
رێكحستنی ئەم فیستیڤاڵە لە كاتێكدایە كە قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان درێژەی هەیە و زۆربەی پرۆژەكان بەهۆی ئەو قەیرانەوە راگیراون.
لای خۆیەوە هاوژین عوسمان، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی بە ئانادۆڵوی راگەیاند: "شاری سلێمانی بە بەراورد بە شارەكانی دیكەی عێراق لە رووی سەوزاییەوە پێشەنگە. هەروەها لەڕووی شێوەشەوە لە پێش شارەكانی دیكەوەیە، لەبەرئەوە بەردەوام دەبین لەسەر خزمەت كردنی زیاتر شارەكە لەڕووی سەوزاییەوە".
بەڕیوەبەری باخچەكانی سلێمانی، باسی لەوە كرد كە قەیرانی دارایی كاریگەری زۆری لەسەر چالاكیەكانی بەڕیوەبەرایەتیەكەیان دروست كردووە، بەجۆرێك زیاتر لە لەسەدا 70ی پرۆژەكانیان راگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەردەوامن لە كردنەوەی باخچە و زیاد كردنی رووبەری سەوزایی شارەكە.
گوتیشی:" سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییە ئێمە هەموو كارەكانمان رانەگرتووە و بەردەوامین لە دروست كردنی باخچە و پاركی نوێ، تەنیا لەمساڵدا 11 باخچە و ساڵی پاریش 32 باخچەمان دروست كردووە".