سلێمانی
كۆنفراسەكە ئەمڕۆ لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی بە هاوكاری پەیمانگای هەرێمی و خوێندنی نێودەوڵەتی و بەشی زانستەكانی كۆمەڵایەتی دەستی بەكارەكانی كرد، تێیدا ژمارەیەك لە شارەزایان و بەرپرسانی كولتوور و كەلەپوور و مۆزەخانەكانی عێراق بەشدارن.
كۆنفراسەكە لە ژێر دروشمی " قەیرانی كولتوور و كەلەپووری عێراقی، پلان بۆ ئاییندە" بەڕێوەدەچێت و ماوەی یەك رۆژ دەخایەنێت، تێیدا چەند بابەتێك پێشكەش دەكرێن بۆ گفتوگۆكردن و دەربڕینی بیروڕاكانیان لە بارەی كولتوور و كەلەپوور لە ناوچەكەدا.
رێكخەری پەیوەندییەكانی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی هانا سەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كۆنفراسەكەمان لە كاتێكی هەستیاردا بەڕێوە دەچێت، لە كاتێكدا داعش بە بەرنامە كەوتۆتە وێرانكردنی كولتوور و شوێنەواری دێرینی عێراق، لە كۆنفراسەكەدا باس لەوە دەكرێت داعش چۆن دەیەوێت كولتووری عێراقی تێك بشكێنێت و لە ناوی ببات، هەروەها باس لە داهاتوو چۆنێتی چارەسەركردنی دەكرێت".
ئاماژەی بەوەش كرد، مامەڵەكردن لەگەڵ كولتوور و كەلەپوور پێویستی بە هاوكاری ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی، كۆنفراسەكە هەڵدەستێت بە دابینكردنی پلاتفۆرمێك بۆ دەستنیشانكردنی ئەم بابەتانە و بنیاتنانی یارمەتیدانێكی پەرۆشانەتر لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی دونیادا بۆ بە دەستهێنانی ئەو ئامانجە .
كۆنفراسەكە لە سێ بڕگە پێكدێت تیایدا هەوڵدەدرێت تیشك بخرێتە سەر بەهای كولتوور و كەلەپوور، هەروەها وێرانكردنی ئاسەوارەكان و بازرگانیكردن پێوەیان و توانای پاراستنی كولتوور و مێژووی ناوچەكە.
سەرپەرشتیاری گشتی كۆنفراسەكە بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە بارەی كۆنفراسەكەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: " داعش مەترسییەكە بۆ مرۆڤ و دەیەوێت یادگاری و یادەوەری مرۆڤایەتیش لە ناو ببات، وەك ئەوەی بینیمان لە مووسڵ ئەنجامیدا بۆ شكاندنی ئاسەوارەكان".
بەرهەم ساڵح گوتی: "كۆبونەوەی ئەم خەڵكە و پسپۆڕان و شارەزایان لە هەرێم و عێراق و جیهان ئاماژەیەكە بۆ بایەخی شوێنەوار و كولتوور، سەرباری ئەو كێشانەی هەمانە لە روبەڕووبونەوەی داعش یەكدەنگی مرۆڤایەتی بۆ پشتیوانی كردنی خەڵكی ئەم ناوچەیە لە روبەڕووبونەوەی مەترسییەكانی داعش بایەخێكی گرنگی هەیە".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد: "كێشەكانی عێراق ساڵەهایە كەڵەكە بووە و پێویستە چارەسەر بكرێن، هیوادارم بەلەناوبردنی داعش زۆر نەبات و كاری رژد بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی عێراق و جارێكی تر مەترسی داعش رونەداتەوە".
لە دوای داگیركردنی چەند شارێكی عێراق لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، دەستیان دایە تەقاندنەوەو وێرانكردنی مزگەوت و كەنیسە و مۆزەخانە و شوێنەوارە دێرینەكانی عێراق بە تایبەتی لە شاری مووسڵ كە شارێكی دێرین و مێژووی عێراقە و دەیان شوێنەواری مێژوویی گرنگی لەخۆ گرتووە.