وان
هاوسەرۆكی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش بەشداری لە ئێوارە خوانێك كرد كە لە لایەن لقی هەدەپ لە وان رێكخرابوو.
دەمیرتاش لە چوارچێوەی ئەو رێوەڕەسمەدا گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "دەمانەوێت توركیایەك دروست بكەین كە یەك هاووڵاتی نەکۆژرێت و خوێن لە پەنجەی یەك هاووڵاتیش نەڕژێت و چەكەكان تێدا بێدەنگ بن".
دەمیرتاش گوتی: "لەگەڵ تێپەڕاندنی بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردن گەورەترین دەستكەوتی توركیا ئاشتی دەبێت".
دەمیرتاش لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی رووداوەكانی ئاگریشی كرد و گوتی: "حكوومەت لە رێگای پارێزگاری ئاگرییەوە ئاژاوەگێڕی كرد و ئامانجیان ئەوە بوو كە تەرمی سەربازەكان بچێتەوە بۆ 15 شاری توركیا هەتا بەو جۆرە دانیشتوانی ئەو شارانە بكەنە دوژمنی هەدەپە و هێرشی سەر هەدەپە بكەن".
دەمیرتاش گوتی: "ئەگەر هەدەپە بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردن تێبپەڕێنێت ئەوا یەكەم هەنگاو كە دەنێت بەرقەرار كردنی ئاشتییەكی هەمیشەییە لە توركیا و گەڕاندنەوەی منداڵان دەبێت بۆ باوەشی دایكەكانیان".
دەمیرتاش ئەوەی خستە روو كە پرسیاریان لێ دەكرێت كە ئەگەر بێتۆ هەدەپە بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردن تێپەڕ نەكات چی روو دەدات؟ "من لێرەوە دەمەوێ پێیان بڵێم گرنگ ئەوەیە كە ئەگەر هەدەپە بەربەستەكەی تێپەڕ نەكرد ئێوە چی دەكەین؟ وەرن با هەموویان لە ژێر سێبەری هەدەپەدا كۆ ببینەوە و خۆمان لەم شتانە رزگار بكەین و ئێوارەی 7ی حوزەیرانیش بكەینە جەژنی سەرۆكەوتنمان".