ئیستانبوڵ
دەمیرتاش گوتی: "هەموو ئەو پارتە سیاسیانەی بەشدارن لە هەڵبژاردن برای ئێمەن و دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبین لە ژیان لەم وڵاتە، رۆژی 7ی حوەزیران تەنیا هەڵبژاردن دەكەین و هیچ پارتییەك دوژمنی ئێمە نییە، هیچ ئەندامێكی پارتی یا خۆ ئەوانەی كە دەنگیان نەداوە دوژمنی ئێمە نین. ئەوانەی لە توركیا دەژین خاوەنی راستەقینەی ئەم وڵاتەن".
دەمیرتاش گوتی: "هەفتەی جارێک هێرشی سەر پێكهاتەیەكی جیاجیای ئەم وڵاتە دەكرێت، بۆ نموونە ئەم هەفتەیە هەفتەی هێرش كردنە سەر ئەرمەنییەكانە و ئەوەی وشەی ئەرمەنی لەسەر زمان بێت هێرشی دەكرێتە سەر، بۆ چی؟ دەوڵەت ئەمەی دەوێت، بۆ چی؟ حكوومەت ئەمەی دەوێت، حكوومەت و دەوڵەت بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە چۆن دەنگی ویژدانمان بەرز بكەینەوە".
دەمیرتاش لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی گرنگی قۆناغی چارەسەری كرد و گوتی: "نابێت قۆناغی چارەسەری و ئاشتی بكرێتە وەكو بەڵێنێكی هەڵبژاردن. ئاشتی بۆ ئێمە بیانووی ژیانە، ئێمە دەمانەوێت بە شێوەیەكی یەكجارەكی چەكەكان بێدەنگ بكرێن و دەمانەوێت بە زمانی سیاسەتی دیموكراتیك قسە بكەین و دەمانەوێت سیاسەت لە پێشەوە بێت، هەندێک كەس و لایەن لە بەهێزبوونی هەدەپە نیگەرانە و نیگەران دەبێت، بۆیە هێرشیان كردە سەر ناوەندەكانی پارتەكەمان و ئەو هێرشانە بەردەوام دەبن. ئارام بن با كەس نەكەوێتە نێو ئەو یارییانەوە چونكە ئامانجی ئەوان هاندانی ئێوەیە بۆ ئەوەی بكەونە نێو ئەو بۆسانەوە، بە تایبەتی هاوڕێ گەنجەكانمان، پێویستە زۆر هۆشیار بن، بۆ ئێمە ناوەندی هەڵبژاردنی هەدەپە چییە ئەوا ناوەندی پارتەكانی دیكەش هەر بەو جۆرەیە. ئێمە خۆمان لەگەڵ پارتەكانی دیكەدا یەكسان دەبینین و بە چاوی دوژمن سەیریان ناكەین بەڵام لە رەقی ئەوانەی كە دەیانەوێت ئێمە بكەنە دوژمنی یەكتر ئەوەیە كە ئایا دەزانن دەبێت وەڵامێكی چۆنیان بدەینەوە؟ پێویستە رۆژی 7ی حوزەیران لە سندوقەكاندا وەڵامیان بدرێتەوە".