فریبۆرورگ
هاوسەرۆكی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتی: :هیوادارم و بڕوام وایە كە هەدەپە لە سەندوقەكانی سویددا یەكەم دەربچێت".
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە چوارچێوەی هەڵمەتی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردندا لە شاری فریبۆورگی سوید كۆبوونەوەیەكی جەماوەری ئەنجامدا و گوتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد.
دەمیرتاش كە ووتاری بۆ نزیكەی چوار هەزار دەنگدەری ئامادەبووی ئەو كۆبوونەوەیە كرد گوتی: "ئۆمیدوارم لەم كات و ساتە مێژووییەدا، لە دەرەوەی توركیا لە سەرانسەری ئەورووپا و لەم شارە، لێرە لە سوید ئەو هاووڵاتییانەی توركیا (كورد، چەركەس، عەرەب، لاز، بۆشناق، عەلەوی، سوننە و مەسیحییەكان و هەموو چەوساوەكان كە پارتەكەمان (هەدەپە) بووەتە هیوایەك بۆیان لێرە دەبێتە یەكەم".
دەمیرتاش گوتی: ئۆمیدوارم لە سوید یەكەم پارتی هەدەپە بێت و دەبینم كە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكاریتان كردووە.
دەمیرتاش لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رەخنەی لە حكوومەت گرت و گوتی: "هێشتا وڵاتەكەمان یەك لە وڵاتە هەژارەكانی جیهانە و لە ماوەی ئەم شەش مانگەی دواییدا یەك لەو پارانەی كە لە بەرامبەر دۆلاردا نرخی كەمی كردووە لیرەی توركی بووە، ئەوانەی كە دەڵێن ئێمە توركیامان كردە خاوەن دیموكراسی پێشكەوتوو و بووە یەك لەو 18 وڵاتە گەورەی جیهان، با بزانن كە توركیایان كردووە وڵاتێك كە لە سەرانسەری جیهان زۆر بە خێرایی نرخی خۆی لە دەست دەدات".
دەمیرتاش باسی رۆژی ئاشكرا كردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كرد و گوتی: "بیر لە شەوی حەفتی حوزەیران كاتی سەركەوتن دەكەینەوە و لە شوور و هەیەجانی ئەوەدان كە ئەو شەوە بە كردنەوەی سەندوقەكان هەنگاوێكی دیكە بەرەو گەیشتن بە وڵاتێك دەنین كە ماوەیەكی زۆرە تامەزرۆین و ئاواتی بۆ دەخوازین".
دەمیرتاش گوتی: "ئێوەیش لیرەوە دەبینن كاتێك سەندوقەكان كرانەوە ئەو دەنگانەی كە داوتانن هیچ یەكیان بە هەدەر نەچوونە و دەبینن ئەو دروشمانەی كە گوتووتانەوە هیچ یەكیان بە فیرۆ نەچوونە و دەبینن كە هیچ رێپیوانێكی ئێوە بەبێ سوود نەبووە بەڵكو وەكو سەركەوتن لە سەندوقەكان دەردەچن، ئەمە سەركەوتنی ئێوە دەبێت و ئەو سەركەوتنی ئەنجام و بەرهەمی خەبات و ماندوو بوونی ئێوە دەبێت. بۆ ئەوەی لە حەفتی حوزەیراندا بگەینە شتێكی بەو جۆرە پێویستە زۆر هەوڵ بدەین، تێپەڕاندن یا تێنەپەڕاندنی بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردن گرێدراوی هەوڵ و خەباتی ئێمەیە و ئەگەر هەوڵ بدەین و تێ بكۆشین ئەوا ئەو بەربەستە وەلاوە دەنین و ئەمەیشمان چەندین جار سەلماندووە تاقە شتی پێویست ئەوەیە كە هەوڵ بدەین و خەبات بكەین".
دەمیرتاش گوتیشی: "ئێمە لەسەر متمانە كردن بە ئێوە بە گەلی خۆمان گوتووە ئەو بەربەستە تێدەپەڕینین و بێجگە لە خوا و گەلی خۆمان هیچ كەس و لایەنێكی دیكە نییە كە متمانەی پێ بكەین".
لەلایەكی دیكەوە لە هۆڵی كۆبوونەوەكەدا نووسراوی "ئیدانەی رووداوەكانی 1915 دەكەین" هەڵواسرابوو.