واشنتۆن
عەلی باباجان، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا، كە بەمەبەستی بەشداری كردن لە كۆبوونەوەكانی بەهاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بانكی نێودەوڵەتی و جی 20 سەردانی واشنتنی پایتەختی ئەمریكای كردووە، دوای تەواوبوونی دیدار و كۆبوونەوەكانی وەڵامی پرسیارەكانی ئانادۆڵو و تەرەتەی دایەوە.
باباجان ئاماژەی بەوە كرد، كە قۆناغی چارەسەری واتا چارەسەر كردنی كێشەیەكی درێژخایەن لە توركیادا كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە و گوتی: "ئەم قۆناغە، بۆ هەموو هاونیشتمانییەكی كۆماری توركیایە، واتا بێ لەبەرچاوگرتنی بنەچە، ئایین و مەزهەب دەستەبەركردنی هەموو ماف و ئازادیەكانیانە بەشێوەیەكی یەكسان و بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتی و جیهانیەكان.
باباجان ئەوەشی خستەڕوو كە چارەسەر كردنی كێشەی كەڵەكەبووی دەیان ساڵە ئاسان نییە، چونكە رەنگە لەم رێگەیەدا چەند ئاستەنگێك و كێشەی بچووك روو بدەن.
گوتیشی: "بەداخەوە، هەندی جار دووچاری چەند ئاستەنگێك دەبین بەئاراستەی لەباربردنی قۆناغی چارەسەری لە توركیادا. بەڵام هەرچۆنێك تەماشای بكەین دەبینین لە ئێستادا گەلەكەمان بەشێوەیەكی زۆر زۆر بەهێز خاوەندارێتی قۆناغی چارەسەری دەكات. گەلەكەمان، لە هەموو لایەكی توركیاوە بێ جیاكاری لە جوگرافیادا پشتیوانیەكی زۆری قۆناغەكە دەكات. ئەمەش هەم دڵخۆشمان دەكات، هەمیش گەرەنتیەك دەداتە قۆناغەكە بۆ بەردەوامبوونی".
لە درێژەی لێدوانەكانیدا جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا باباجان گوتی: "قۆناغی چارەسەری تەنیا پەیوەست نییە بە ناوچەكانی باشووری خۆرهەڵات و خۆرهەلاتی ئانادۆڵوەوە، بەڵكو لە هەمان كاتدا هاوكار دەبێت لە گەشەسەندنی ئابووری توركیا. چونكە لەمرۆوە كاریگەری ئەرێنی قۆناغەكە لەسەر ئابووری وڵات دەركەوتووە، كە ئەوەش رۆڵێكی سەرەكی هەیە لە كەمكردنەوەی مەترسیە گشتییەكان لەسەر توركیا".