واشنتۆن
لە كۆشكی سپی سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما و جێگری سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن پێشوازییان لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی كرد.
بەپێی راگەیەنراوێكی كۆشكی سپی لەو دیدارەدا باس لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، لاواز كردنی تیرۆریستان و لە ناوبردنیان، دابین كردنی پێداویستییەكانی خەڵكی عێراق و بەهێزكردنی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق و هەروەها رەوشی سیاسی عێراق كراوە.
ئۆباما و بایدن لەو دیدارەدا جەختیان لەسەر بەردەوامی بەهێزی هاوكاری و پشتگیریكردنی ئەمریكا لە گەلی كورد كردووە و ئۆباما جەختی لەسەر پاپەبەندبوونی ئەمەریكا بە عێراقێكی فیدراڵ، دیموكرات و یەكگرتوو كردووتەوە كە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا پێناسەی بۆ كراوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا باسی ئەوە كراوە كە ئۆباما و بایدن سەرسۆڕمانی خۆیان بەرامبەر بە قارەمانی هێزی پێشمەرگە دەربڕیوە و پرسە و سەرخۆشی خۆیان ئاراستەی كەسوكاری ئەو كەسانە كردووە كە بە دەستی تیرۆریستانی داعش گیانیان لەدەست داوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانیش بە هۆی هاوكارییەكانی ئەمریكا لە دوای داگیركردنی مووسڵ لەلایەن تیرۆریستانەوە، بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها بە هۆی هەماهەنگی سەربازی بۆ پاراستنی هەولێر سوپاسی ئەمریكای كردووە و لە دیدارەكەدا هەردوولا جەختیان لەسەر بەهێزتر كردنی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر كردووە و هەروەها هەردوو لا جەختیان لە بەردەوام كردنی هاوكارییەكانیان بۆ ملیۆنەها ئاوارە كردووە كە بە هۆی توندوتیژییەوە لە زێدی خۆیان ئاوارە بوونە.