هەولێر
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری سەردانە فەرمییەكەی بۆ ئەمەریكا دەستپێدەكات، كە هەفتەیەك دەخاێنێت.
لەو سەردانەدا هەریەك لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان، مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگەی كوردستان و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری دەبن.
سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند: "لەو سەردانەیدا بارزانی لەگەڵ باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی دیكەی ئیدارەی ئەمریكا كۆدەبێتەوە".
ئەوەشی راگەیاند: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند دوسێیەكی گرنگ لە گەڵ سەرۆكی ئەمریكا تاوتوێ دەكات، ئەوانیش بریتین لە مژاری سەربەخۆیی كوردستان و شەڕی داعش و پێدانی چەك بە پێشمەرگە و ئایندەی هەرێم دوای شەڕی داعش".
ئەم سەردانە بە چوارەمین سەردان هەژمار دەكرێت، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەلایەن كۆشكی سپییەوە بەفەرمی پێشوازی لێدەكرێ.