هەولێر - هێمن بابان
شێخی عەشیرەتەكەی سەدام سوپاسی سەركردایەتی هەرێم دەكات و دەڵێت رێزی زۆریان لێ گرتوون و یارمەتییەكی زۆری ئەوان و ئاوارەكانییان داوە.
"تكریت بە 200 چەكداری داعش گیرا و 12 هەزار چەكداری عێراقیش لە پارێزگای سەڵاحەدین هەبوون"
شێخ حەسەن حوسێن نەدا پیاوێكی كەڵەگەتی چوارشانەیە، چاوەكانی قاوەیی كاڵ و سمێڵكی پانی سپی و هەندێك لە ریشی چەناگەی هێشتووەتەوە و بە شێوە زۆر روونە كوڕە مامی سەركۆماری پێشووتری عێراق سەدام حوسێن، سەرۆكە لە سێدارەدراوەكەی عێراق كە لە 1979 تا 2003 لە لوتكەی هەرەمی دەسەڵات بوو، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئانادۆڵو زۆر شتی شاراوەی كۆنتڕۆلكردنی تكریت و ژیانی سەدام حوسێن باس دەكات.
شێخی عەشیرەتی بێجات" ئەلبوناسر" عەشیرەتەكەی سەركۆماری پێشووتری عێراق سەدام حوسێن لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت ئەو چەكدارانەی لە ساڵی رابردوو تكریت و بەشێكی زۆری پارێزگای سەڵاحەدیینیان گرت ژمارەیان لە 200 چەكدار و بیست ئۆتۆمبیل و ژمارەیەك چەكی ئاسایی تێپەڕی نەدەكرد، بەڵام بە قسەی ئەو بەهۆی "ترسی جەنگ" كە لە دڵی ئەفسەر و سەرباز و هێزەكانی ئەمنی عێراق دروست بوون لە پاش گرتنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە وایكرد زۆرینەی هەرە زۆری ئەوان هەڵبێن و هیچ بەرگرییەكی ئەوتۆ نەكەن.
شێخ حەسەن حوسێن نەدا لەوبارەیەوە رایگەیاند "ئێمە ناتوانیین بڵێین و یەكلایی بكەینەوە تكریت فروشرا یان بەدەستەوە درا، من بیرم دێت نیوەڕۆیەك خەوتبووم و بەخەبەریان هێنامەوە گوتیان باوكە داعش گەیشتووەتە تكریت، ئیدی دواتر بۆم روون بوویەوە ژمارەیەك ئۆتۆمبیل كە لە بیست ئۆتۆمبیل كە كەمتر لە 200 چەكدارییان تێدابووە تێپەڕی نەدەكرد هاتوون تكریتیان گرتبوو، چەكەكانی ئەوانیش سووك و مام ناوەند بوون چەند دۆشكەیەك بەسەر ئۆتۆمبیلەكانییانەوە بەسترابوو، زۆر لە دانیشتوانی تكریت دەڵێن شارەكەمان بەدەستەوە درا، چونكە لە پارێزگای سەڵاحەدین هەریەك لە فیرقەكانی چواری سوپای عێراق، فەوجی هەواڵگری، فەوجی فریاكەوتن، لیوای 48، فیرقەیەكی سوات، سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكان كە پێنج فەوج بوون، ئەوانە 11 تا 12 هەزار چەكدار دەبوون لەوانەی تۆماركراون لەسەر كاغەز، لەو هێرشانەی داعش هیچیان دیار نەمابوون".
شێخ حەسەن بە نیگەرانییشەوە دەیگوت "لە جەنگا دەبێت ئەوەی هێرشت دەكاتە سەر سێ هێندەی ژمارەی چەكدارانی تۆ بێت تا بتبەزێنن، واتە دەبوو كاتێك بەدەستەوە درابا كە داعش بە 30 هەزار چەكدارەوە هێرشیان كردبا، كەچی ئەوان تەنها 200 كەس بوون".
بە پێداگیریشەوە روونی كردەوە ئەفسەر و سەربازانی عێراق ترسابوون بۆیە هەڵاتن، ئەو دەڵێت "تكریت نەفرۆشرا و بەدەستەوەش نەدرا، بەڵكو ئەفسەر و سەربازەكان ترسی جەنگیان لەدڵدا دروست بوو بوو، پاش داگیركردنی مووسڵ بە دوو كاتژمێر لە تكریت داعش دەركەوتن ئیدی ئەفسەرەكان لە پێش سەربازەكانەوە هەڵاتن".
ئەو شێخەی عەشیرەتی بێجات"ئەلبوناسر" پێش رووداوەكانی گرتنی مووسڵ و تكریت لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە گوندی عۆجە ئەو گوندەی سەدام حوسێن تێیدا لەدایك بووبوو لەگەڵ خزم و دۆستانی دەژیان، بەڵام ئێستا لە ترسی هەڕەشەكانی داعش لە یەكێك لە كۆمەڵگە نیشتەجێ بوونە دیارەكانی هەولێر لە خانوویەكی گەورە نیشتەجێیە، ئەو زوو زوو سوپاسی سەركردایەتی هەرێمی كوردستانیشی دەكرد لە لەخۆگرتنی ئاوارەیەكی زۆر لەنێویشیاندا ئەو و بنەماڵەكەی كە دەیگوت "بەرپرسانی هەرێم زۆر یارمەتییان داوین و ئاسانكاری زۆریان بۆ كردووین خوایان لێ رازی ببێت".
سەبارەت بە لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی كەوتنی تكریت و بەشی زۆری پارێزگای سەڵاحەدین بەدەستی داعش لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو لەدوای مووسڵەوە، حەسەن نەدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەبارەی كەوتنی تكریت هیچ لێكۆڵینەوەیەكی ورد و جیددی یان وروژاندنی مەسەلەی بەدەستەوەدان یان داگیركردنی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە نەكراوە، تۆمەتباری دیاریكراو لەو دۆسییەیە نییە بەڵام لە تێگەیشتنی سەربازی ئەوەی جلی خاكی لەبەر بێت و ئەوانەشی لەدەسەڵات بوون دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت".
ئەو شێخە ئەوەشی رەتكردەوە كە عەشیرەتەكانی ناوچەكە و بەتایبەت عەشیرەتی ئەوان دەستییان لە بە ئەنجامگەیاندنی كوشتارگەی بنكەی سەربازی سپایكەردا هەبووبێت كە تێیدا داعش 1600 قوتابی سەربازی عێراقی كوشت لەدوای گرتنی تكریت.
"چوونەوەی ئاوارەكانی سەڵاحەدین بۆ ناوچەكانییان مەترسیدارە"
شێخەكەی عەشیرەتی سەدام حوسێن لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات داعش هەموو ناوچەكانی پارێزگای سەڵاحەدینی كۆنتڕۆڵ نەكرد، بەڵكو ناوچەكانی شەرگات و بێجی و تكریت و ناحییە و گوندەكانییان داگیركرابوون، چوونە نزیكی سامەڕا و كردەیان لەسەر بەلەد و دوجێل كرد و گەیشتنە زلوعییە و راوەستان، پارێزگای سەڵاحەدین لە تارمییەوە دەست پێدەگات تا شەرگات".
دەشڵێت ئێستا نزیكەی 70 لەسەدی پارێزگای سەڵاحەدین لە داعش پاككراوەتەوە و ئەو شوێنانەی بەدەستی داعشەوە ماون تەنها شەرگات و گوندەكانی كە نزیكەی 200 گوندن، بێجی و پاڵاوگەكەشی ماون.
دەربارەی چوونەوەی ئاوارەكانی پارێزگاكەش بۆ زێدی خۆیان كە بەشی هەرە زۆریان لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، شێخ حەسەن نەدا سەرباری ئەوەی چەندین جار سوپاسی حكوومەتی هەرێم و سەركردایەتی كوردی كرد بۆ لەخۆگرتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە كە ملیۆن و نیوێكی تێپەڕكردووە لەنێویاندا ئەوان، دەیگوت "زۆر رێزیان گرتین و زۆر یارمەتی ئێمەیان بەتایبەت داوە: "ئەو پێی وایە چوونەوەی خەڵك بۆ ناوچەكانی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەدین هێشتا مەترسیدارە، گوتیشی" كێ گەرەنتی ژیانی ئەوانە دەكات كە دەچنەوە زێدی خۆیان".
سەبارەت بە چەكدارانی حەشدی شەعبیش كە چەند وێنەیەك دەریخست ماڵ و دووكانەكان بە تاڵان دەبەن لە كاتی دەرهێنانی لەدەستی چەكدارانی داعش حەسەن نەدا گوتی: "چەكدارانی حەشدی شەعبی برای ئەوانن و گەنجن و حەماس گرتوونی و بێمەشقن، روونیشی كردەوە ئەوان ئێستا شەڕی باش دەكەن و سەركردەكانیشیان سەركردەی باش و لێهاتوون".
باسی لەو رووداوانەی پاش گرتنەوەی تكریتی كرد و گوتی: "لەكاتی یاریی دوو یانە دەبینێت شەڕ روودەدات و شت دەشكێت و دەبرێت، بۆیە ئەوەش وایە ئەو گەنجانەی حەشدی شەعبی خوا ئەزانێت چییان پێگوتراوە لەسەر خەڵكی ناوچەكە و داعش، بەگشتی ئێمە لەوان رازیین".
"لە ژیانمدا یەكجار وێنەی سەدامم هەڵواسیوە"
لە ماڵەكەی شێخ حەسەن نەدا لە هەولێر هیچ وێنەیەك یان دروشم یان هێمایەك كە ئاماژەیەك بێت بۆ سەدام حوسێن نەدەبینرا، وەكو چۆن هیچ ئاڵا یان دروشمێكی عێراق لەم ماڵە نابینرێت، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بە پێداگرییەوە دەیگوت بەدرێژایی حوكمی سەدام حوسێن لە عێراق یەكجار وێنەی ئەوی هەڵواسیوە، دەشیگوت وێنەی باوك و خانەوادەی خۆی هەڵدەواسێت و ئەوەی پێ باشتربوو، ئەو كە ئەو قسانەی دەكرد ئاماژەی دەست و پەنجەكانی بۆ ئەوە بوون كە سوورە لەسەر ئەو قسانەی و تەواو دڵنیایە.
بۆ چیرۆكی ئەو تاقە جارەشی كە وێنەی سەدامی تێدا هەڵواسی بوو، حەسەن نەدا گوتی: "من تەمەنم 20 ساڵ بوو هاوسەرگیرم كرد، سەدام حوسێن ئەو كات جێگری سەركۆمار بوو، ئەو پیاوێك بوو زۆر حەزی دەكرد وێنەكانی بە هەڵواسراوی بەدیواری هەموو ماڵێكەوە ببینێت، بەڵام منیش لە ژیانمدا وێنەیم هەڵنەواسی بوو ئەو كە بۆ پیرۆزبایی هاتە ماڵەكەم ناردم لە فەرمانگەكەم وێنەیەكی ئەو و سەرۆك ئەحمەد حەسەن بەكرم خوا لێی خۆش بێت بۆ هات، كە سەدام لە ماڵەكەمان رۆشتە دەرەوە منیش وێنەكەم ناردووە بۆ فەرمانگە و ئیدی بەس ئەو جارە وێنەی ئەوم هەڵواسی".
شێخ حەسەن نەدا كە دشداشەیەكی سپی رەنگ و عەبایەكی رەشی لەبەركردبوو، بەدەم جگەرەكێشانەوە زوو زوو ناوی سەدام حوسێنی دەهێنا بێ ئەوەی خوا لێی خۆش بێت بكاتە پاشگری ناوەكەی، بەڵام ئەو لە ناوهێنانی هەردوو سەرۆك ئەحمەد حەسەن بەكر و عەبدلكەریم قاسم هەمیشە پاشگری خوا لێی خۆش بێت ئامادەبوو، لەوەشمان پرسی، شێخ گوتی: "ئەوەی كە لەدوای ناو هێنانی سەدام حوسێن ناڵێم خوا لێی خۆش بێت عادەتێكە و خووم پێوەگرتووە، ئەگەر نا سەدام حوسێن بەهەموو باش و خراپەكانییەوە هەر كوڕەمام و خزمی ئێمەیە تازە".
لەگەڵ ئەو قسانەشدا گوتی: "من لە مێژووی عێراقدا تەنها دوو سەرۆكم خۆش ویستووە، ئەحمەد حەسەن بەكر و عەبدلكەریم قاسم، یەكەمیان حوكمی حزبی راستەقینەی دەكرد، عێراقی لە نۆ ساڵدا لە جیهانی سێهەم هێنایە دەرەوە، ئەوەی دووەمیشیان چوار ساڵ و نیوی پڕ كێشەی بەڕێ كرد كە دەستكەوتی زۆر باشی هەبوو، ئەوەی ئەو لەو ماوەیە بەدەستی هێنا بە چل ساڵی تریش بە سەركردەكانی ئێستا بەدی نایەت".
سەرباری ئەوانەش دەیگوت ئێستا بەشی زۆری عێراقییەكان خۆزگە بەسەردەمی سەدام دەخوازن، چونكە لەو كاتە ئەو هەموو كێشانەی ئێستا نەبوون.
لە درێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو شێخەكەی عەشیرەتی سەدام حوسێن بێزاری بە قسەكانییەوە دیار بوو، ئەو باسی لەوە دەكرد كە بەهۆی سەدام حوسێنەوە زیانی گەورە بەر عەشیرەت و گوندەكەشیان كەوتووە، دەشیگوت زۆرێك لە عێراقییەكان رقیان لە ئەوان دەبێتەوە، حەسەن نەدا گوتی: "ئێمە لەلایەن هەمووانەوە كراوینەتە ئامانج"، رەخنەی لە سەدام حوسێنیش گرت لەوەی بەهۆی ناوهێنانی گوندەكەیان و باسكردنی وردەكاریی ژیانی و ئاگاداركردنی هەموو خەڵك لە شوێنی لەدایكبوونی و ئەوانەوە ئێستا باجی دەدەنەوە. دەشیگوت "هەندێك لە خەڵك وا دەزانن ئێمە هەموومان بەعسیین و سەدامین، هەر بەردێك بەر بێتەوە بەسەری ئێمە دەكەوێت، لەكاتێكدا من رۆژێك لە رۆژان بەعسی راستەقینە نەبووم".
گوتیشی: "ئەوانەی شكستخواردوون ئێستا هەموو شكستەكانی خۆیان دەخەنەوە سەر بەعس و سەدام، لەكاتێكدا بەعس و سەدام تەواو چوون، دەبێت بیر لە ئێستا و داهاتوو بكەینەوە".
دەشیگوت لە هاتنی داعش زەرەرمەندی یەكەم سوننەكان بوون كە ماڵیان رۆشت و ئاوارەبوون، شیعەكانیش شەهیدێكی زۆرتریان لە سوننە داوە بە قسەی ئەو.
"باوەڕ ناكەم سەدام فەرمانی بە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كردبێت"
شێخ حەسەن نەدا شێخی عەشیرەتی بێجات"ئەلبوناسر" لەبارەی ئەوەی ئایا سەردانی هەڵەبجەی كردووە تا بزانێت قوربانییانی دەستی رژێمەكەی سەدام ببینێت ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی ئاشكراكرد كە یەكێك لە سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوەتیان كردووە بۆ سلێمانی و لەوێ بانگهێشتی بینینی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان كردووە كە تایبەتە بە قوربانییانی كیمیاباران، بەڵام نەڕۆشتووە، ئەو دەڵێت "من پێشتر چەند جارێك وێنەكانی نێو مۆنۆمێنتەكەم بینی بوو من لە بینینی ئەو شتانە تێكدەچم، بۆیە ئەو داوەتەم بەجێ نەهێنا و نەچووم، چونكە سەرباری ئەوەی تەمەنم هەیە و شەڕیشم بینیوە، بەڵام خۆم لەبەردەم قوربانییەكان راناگرم، رەنگە بە بیبنی ئەو وێنانە بمردابام".
سەرباری سەركۆنەكردنی رووداوی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "باوەڕناكەم سەدام حوسێن فەرمانی بە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دابێت یان ئاگای لێ بووبێت، بەڵكو عەلی حەسەن مەجید كردوویەتی، هەرچۆنێك بێت ئەوەی فەرمانی پێكردووە و جێبەجێشی كردووە تاوانباری گەورەن، بەڵام لەوباوەڕە نییم سەدام كاری وای كردبێت".
لە مەسەلەی پەیوەندیدار بە گۆڕی سەدام حوسێنەوە كە هێشتا چارەنووسی نادیارە، شێخ حەسەن نەدا گوتی: "پاش ئەوەی لە سێ ساڵی رابردوو وەزارەتی نێوخۆ ئاگاداری كردینەوە كە رووفاتەكە بۆ شوێنێكی تر بگوێزینەوە دەرگای گۆڕەكەمان داخست، ئەوە بوو داعش هات پاشان و ئێستا هیچ زانیارییەكمان لەسەر گۆڕەكەی سەدام نییە و نازانیین لە شوێنی خۆی ماوە یان نا، بەڵام ئەوە دەزانین كە حەشدی شەعبی شوێنەكەیان تەقاندەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

