هەولێر
كاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە كۆبوونەوەیەكی دوو كاتژمێری لەنێوان سەرۆکایەتی حكوومەتی هەرێم و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەڕێوەچوو.
ئەو كۆبوونەوەیە كە لە باڵەخانەی پەرلەمان بەڕێوەچوو هەریەك لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت قوباد تاڵەبانی، وەزیری هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و حكوومەت مەولود باوەموراد، وەزیری شارەوانی دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی حكومەت سەفین دزەیی ئامادەی بوون.
لەلایەن پەرلەمانیشەوە سەرۆكی پەرلەمان د.یوسف محەمەد و جێگرەكەی جەعفەر ئیمنكی و سكرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر ئامادەی بوون.
دوای كۆبوونەوەكە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان د.یوسف محەمەد لە لێدوانێكدا بۆ راگەیاندنەكان گوتی "ئەم كۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی كۆبوونەوە دەورییەكانی نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی حكوومەتە بۆ زیاتر هەماهەنگی نێوان هەردوولا و بۆ باسكردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە پەرلەمان گفتوگۆ دەكرێت و هەروەها باسی ئەو قەیرانانەشمان كرد كە لە هەرێمی كوردستان هەیە".
گوتیشی "لە سیستەمی پەرلەمانیدا پڕنسیپێكی جێگیر هەیە لە هەماهەنگی و هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن، ئێمە بۆ ئەكتیڤ كردنی ئەو هەماهەنگییەی نێوانمان كۆمەڵێك بڕیارمان داوە كە لە داهاتوودا جێبەجێ دەكرێن".
دواتر سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێكی كورتدا بۆ راگەیاندنەكان پاش سوپاسكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە پێشوازیكردنییان گوتی "ئەمڕۆ بۆ زیاتر ئەكتیڤكردنی چۆنێتی پەیوەندیی نێوان حكوومەت و پەرلەمان كۆبووینەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی زنجیرەی كۆبوونەوەی دەورییە كە لەنێوان هەردوولا بۆ هەماهەنگی زیاتر و باسكردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی هەن و تاوتوێكردنی ئەو تەگەرە و كێشانەی دێنە پێشەوە بۆ چۆنێتی چارەسەركردنیان بەگشتی دەبێت".
گوتیشی كۆبوونەوەكەیان باش بووە و بەردەوامیش دەبێت.