هەولێر
مستەفا هیجری دەڵێت هێزیان بردووەتە سەر سنوور و ویستوویانە بەشێك لە پێشمەرگەکانیان بچنەوە بۆ رۆژهەڵات و لەوێ لەگەڵ خەڵكدا پەیوەندییان هەبێت و جەختیشی لەوە کردەوە بارودۆخی وڵاتی ئەوان لەگەڵ تورکیا جیاوازە. هیجری پێی وایە لە هەر وڵاتێک لە هەلی گونجاو هەبێ بۆ سیاسەت کردن ئەوە بەکارهێنانی چەک گونجاو نییە و لە تورکیا ئەو دەرفەتە بۆ کورد رەخساوە کە خەباتی مەدەنی بکات.
سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەوە دەکات کە لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، ئەوان پێیان راگەیاندوون کە بە پێی باردۆخی هەر وڵاتیک یارمەتی کوردەکانی ئەو وڵاتە دەدەن و لە بارەیەوە بەڵێنی یارمەتیان وەرگرتووە. ئەو گوتی لە بەرنامەشمان دایە کە پەیوەندیمان هەبێ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و لە پەیوەندی لەگەڵ توركیاش دەڵێ "ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی خۆمان چاوەڕوانیین هێشتا بەرقەرار نەبووە".
لەبارەی رێككەوتنی چەند رۆژی رابردووی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك كە لە ڤییەنا لەسەر پرسی پڕۆگرامی ناوەكیی ئێران ئیمزا كرا مستەفا هیجری دەڵێت پرسی گفتوگۆكردن لەسەر مەسەلەی پیتاندانی یۆرانیۆم لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك ماوەیەكی زۆرە دەستی پێكردبوو، بۆ ئەوان ئەنجامەكەی لەسەرەتاوە دەركەوتبوو.
هیجری لەو رووەوە دەڵێت "من پێشتر ئاماژەم بۆ كردبوو كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەر ئەوەی لەباری ئابوورییەوە تووشی گیر و گرفتێكی یەكجار زۆر گەورە بووەتەوە، بۆیە ناچارە هەموو مەرجەكانی رۆژئاوا قبوڵ بكات بۆ ئەوەی كە بتوانێت گەمارۆكان لەسەر خۆی لابەرێت، لەو ماوەیەشدا كە زیاتر لە ساڵێكی خایاند و چەندین جار درێژكرایەوە لەگەڵ بڕگە جۆراوجۆرەكانی ئێران هەوڵی دا دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنێت، بەڵام لە كۆتاییدا مەرجەكانی رۆژئاوای قبوڵ كرد، تەسلیم بوو بەوەی كە گەمارۆكان لەسەر خۆی لابەرێت و بتوانێت بارودۆخی ئابووری خۆی ساغ بكاتەوە، ئەو پڕۆسەیە كە ئەنجامەكەی بووە هۆی ئەوەی گەمارۆكان بەسەر خەڵكی ئێران بسەپێنرێت و خەڵكەكەی تووشی گیر و گرفتێكی زۆر ببێتەوە لە بێكاری و بێ بەرنامەیی و راوەستانی هەزاران پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەناو ئێراندا هەموو ئەوانە ئەنجامی ئەو بەرزە فڕییانەی ئێران بوون بەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بكات بۆ ئەوەی دەستی بە چەكی ئەتۆمی رابگات".
هیجری زیاتریش دەڵێت "وڵاتانی رۆژئاوا بە هاوپشتی لەگەڵ بەشی زۆری وڵاتانی دنیا پێشیان بە ئێران گرت و ناچاریان كرد بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و ئەمیش بە قەناعەت و دڵخوازی خۆی نەهاتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەوەشی روویدا لە رێككەوتن لەسەر ئەوە نییە كە كۆماری ئیسلای ئێران باوەڕی پێیەتی، بەڵكو پێیوایە دەبێت چەكی ئەتۆمی هەبێت و لە هەر دەرفەتێكدا بۆی هەڵبكەوێت ئەو بەرنامەیە درێژە پێدەدات، واتە ئەو مەسەلەیە لەرووی قەناعەت و باوەڕوە نەبووە".
دەشڵێت دوو فاكتەری دیكەش لە پاڵ ئەوانی ترەوە هەن كە وایكردووە ئێران هەوڵی دەست پێڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆم بدات، هیجری لەو رووەوە بۆ ئانادۆڵو دەڵێت "كۆماری ئیسلامی ئێران دوو دوژمنی گەورەی وەهمیین بۆ خۆی دروستی كردوون، یەكەمیان كۆمەڵەی هێزەكانی سونیین كە دەوروبەری ئێرانییان گرتووە و ئێران بە دوژمنی خۆی دەزانێت، دووەمیان خۆرئاوا بەگشتی و بەتایبەت ئەمریكا كە كۆماری ئیسلامی ئێران لەوەدایە كە دەیانەوێ بیروخێنن، بۆیە كۆماری ئیسلامی ئێران كەوتە ئەوەی بۆ پارێزگاری لەخۆی و حكوومەتەكەی چەكی ئەتۆمی بەدەستەوە بێت، ئەوەتا بینییمان لە دە پازدە ساڵی رابردوودا بە تەحەمولی هەموو گەمارۆكان و پەراوێزكەوتنی سیاسەتی نێودەوڵەتی و دووركەوتنەوە لە كۆمەڵگەی گشتی ناوچەكە، زیانێكی زۆر گەورە بۆ خۆی و خەڵكەكەی بەدی هێنا، بەڵام لەكۆتاییدا ئێران تەسلیم بوو و بەناچاری ئەو رێككەوتننەی ئێمزا كرد".
سکرتێری گشتی حزبی دیموکرات بەگشتیش پێی وایە کە "ئەو رێككەوتنە كە ئەگەر بەپێی ئەو بەڵێنانەی ئێران داویەتی و بەپێی ئەو مەرجانەی كە رۆژئاوا بۆیان داناوە ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆم رانەگات ئەوا بۆخۆی و سەقامگیری ناوچەكە و دونیا باشە، بەڵام لەبەر ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران باوەڕی بەو مەسەلەیە نییە و خۆی بە شایستە دەزانێت چەكی ئەتۆمی بەدەست دێنێت، بەڵێنەكانی جێی ئیعتیبار نییە، هەروەك لە رابردوودا بەڵێنی دا و جێبەجێی نەكرد".
هاوكات لە روویەكی دیكەوە پێی وایە ئێران لە رێگەی ئەو رێككەوتنەوە پارەی زیاتری وەدەست دێت و كاولكاری زیاتر دەقەومێنێت، ئەو دەڵێت "لەلایەكی دیكەوە لاچوونی گەمارۆكان دەبنە هۆی ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 100 ملیار دۆلار كە پارەی خۆیەتی و لە بانكەكانی دنیایە ئازاد ببێت و نەوت دەفرۆشێت و لەرووی ئابوورییەوە دەستی پڕ دەبێت و دەست پڕ بوونیشی واتە یارمەتی زیاتری هاوپەیمانانی خۆی وەكو رژێمی بەشار ئەسەد و شیعەكان لە عێراق و حزبوڵای لوبنان و حوسییەكانی یەمەن دەدات، بەگشتی گرووپەكانی تیرۆریستی لە ناوچەكە ئێران بەهێز دەكات و ئەوەش دەكاتە شەڕ و ئاوارەیی و كوشتاری زیاتر كە ئێران ئەمە لە قازانجی خۆیدا دەبینێت، بۆیە لەمەودوا شەڕ و ئاژاوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ و كوشتار و وێرانی زیاتر دەبێت و ئەوە هۆكارێكە لە دەستی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بە یارمەتیدانی ئابووری زیاتر بە هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا".
لە وەڵامی ئەوەی ئەو رەشبینییەی ئەوان لەسەر رێككەوتنەكە كە سەرۆكی ئەمریكا و ئێران و چەندین وڵاتی دیكەش بە پۆزەتیڤییان زانی، مستەفا هیجری دەڵێت "ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەزموونی زیاتر لە سی ساڵەی رابردوودا ئەزموونێكی سەركەوتووی دابا لەوەی دەیەوێ لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نزیك بێت و لەگەڵ خەڵكی نێوخۆی ئێران و دراوسێكان مامەڵە بكات ئەوا ئەوان دەیانگوت ئەو رێككەوتنە بە قازانجی خەڵكی ئێران تەواو دەبێت، بەڵام ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی رابردوو لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیانە پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەیە كە پێیان دەڵێت".
مستەفا هیجری لەو رووەوە رایدەگەیەنێت "پاش شەڕی هەشت ساڵەی ئێران لەگەڵ عێراق و پەسەند کردنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەستیان كرد بەكوشتاری زیندانییانی سیاسی لەنێوخۆی ئێراندا، زەبر و زەنگ بۆ سەر خەڵك زیاتر بوو، لەو كاتەشەوە دەبینین ئەگەر ئاڵوگۆڕ كرابێت بەرەو دواوە و بەستراوی و توندوتیژییە، بەتایبەت لەباری ئایدۆلۆژییەوە هەرچی پرنسیپەكانی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان پەسەندی كردووە كۆماری ئیسلامی ئێران دژیەتی، ئەوەی ئێران باوەڕی پێیەتی دژی مافەكانی مرۆڤە، ئەو ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ دنیای دەرەوە بكات تەنانەت ئامادە نییە ئەوانەی لە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران هاوكار و وەفادار بوون كەمترین بۆچوونی جیاوازیان هەبێت، ئایەتوڵا مونتەزری نموونەی ئەوانە كە كۆماری ئیسلامی ئێران بێحورمەتییان پێدەكات تەنها لەبەر كەمترین جیاوازی بیروبۆچوونە، بۆیە كۆماری ئیسلامی بەرەو كرانەوە و دیموكراسی و مامەڵە لەگەڵ دنیا و دراوسێیەكان هەنگاو نانێت، چونكە سیاسەت و بیروباوەڕ و دەستووریشی ئەوە بە ئێمە ناڵێت".
لە تەوەرەێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجی باسی سەردانەكەی ئەمدواییەی دەكات بۆ ئەڵمانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و دەڵێت "سەفەرەكە لە کاتی بەرەو پێشچوونی رێككەوتنەكەی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك بوو، لەگەڵ ئەمریكا و ئەڵمانەكان باسی ئەوەمانكرد كۆماری ئیسلامی ئێران پاش رێككەوتنەكە چی لێ دێت، بۆ ئێمە گرنگە دنیا لەبارەی لەژێر پێنانی مافەكانی مرۆڤ بەتایبەت مافەكانی گەلی كورد تەماشا كار نەبێت، كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەڵگرتنی گەمارۆكان لەسەری، بەدڵی خۆی یارمەتیدەری هاوپەیمانانی خۆی دەبێ بۆ دووبەرەكی و شەڕی زیاتر لە ناوچەکەدا".
هیجری دەشڵێت "لە نێو ئەمریكاییەكان زیاتر لە كۆماری خوازەكان و بەشێكی دیموكراتەكان لەبارەی ئەو رێككەوتنەوە زۆر بەد بینین و پێیان وایە ئیمتیازی زیاتر بە كۆماری ئیسلامی ئێران دراوە و دەبوو مەرجی زیاتر بەسەر ئێران سەپانرابا، لەلایەكی دیكەوە باوەڕیان بە ئێران نییە و پێیان وایە لە هەر دەرفەتێكدا ئەو پڕۆسەیەی پیتاندنی یۆرانیۆم درێژە پێدەدا، هەندێكیان باسیان لەوەدەكرد پاش تەواوبونی حكوومەتی دیموكراتەكان كە ئۆباما سەرۆكایەتی دەكات، دەبێت ئەو رێككەوتنە نەمێنێت".
سەبارەت بە كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەلای ئەمریكی و ئەڵمانییەكانەوە، مستەفا هیجری هێمای بۆ ئەوە كرد كە ئەوان بە روونی باسیان لەوەكرد كە پێویستە كورد لەو پارچەیە یارمەتی زیاتر بدرێت، ئەو روونی دەكاتەوە "ئەوان گوتیان دەبێت لەهەموو بەشەكان یارمەتی كورد بدرێت بەڵام بەپێی شوێن و جوڵانەوە و چۆنییەتی رەفتاری رژێمەكەی دەبێ ئەو یارمەتییە بدرێت و لەوێدا كوردی ئێرانیش پێیان وابوو دەبێت زیاتر یارمەتی بدرێت".
دەشڵێت ئەوان تا ئێستا یارمەتی تایبەتییان نەداون، بەڵام داوایان كرد لە رەوشیان زیاتر ئاگادار بن و زیاتر پشتگیرییان بكەن لەرووی سیاسییەوە، گوتیشی" دیارە كوردی ئێران لەرووی سیاسییەوە دەبێت زیاتر هەوڵ بدەین و زیاتر دنیا شارەزاتر بێت لەوەی بەسەر كورد دێت".
سەبارەت بە پەیوەندییان حزبەکەی بە وڵاتانی عەرەبییەوە مستەفا هیجری گوتی "تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان ئێمە و وڵاتانی عەرەبی نییە، هەرچەندە پێمان وایە وەكو حزبێكی سیاسی كە خەبات لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە دەبەین پێویستە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دنیا بەتایبەت وڵاتانی ناوچەكە پەیوەندییمان هەبێت كە لەنزیكەوە چاودێری بارودۆخەكەن و كاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ئێران و خەڵكەكەی هەیە، بەتایبەت عەرەبەكان، بەڵام ئەوان پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ نەبەستووین، ئێستاش پێمان وایە پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستت دەبێت هەبێت، لە بەرنامەماندا هەیە پەیوەندییمان هەبێت".
هەرچی دەربارەی پەیوەندییەكانییانەوەیە لەگەڵ توركیا گوتی" لەگەڵ توركیا ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی خۆمان چاوەڕوانیین هێشتا بەرقەرار نەبووە، بەڵام دەستمان پێكردووە لە هەندێ كەناڵەوە چووینەتە پێشەوە و هیوادارین زیاتر بچینە پێشەوە و پەرەی پێبدەین".
سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەوان هێزیان بردووەتە سەر سنوورەكان لەگەڵ ئێران و دەڵێت "ئێمە وەكو سیاسەتی گشتی لەسەرەتاوە پاش رووخانی رژێمی شا لە ئێران خەباتێكی چەكداری چەندین ساڵەمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەبووە لەو دەمەوە تا ئێستا خەباتی چەكداریمان وەكو بەشێك لە خەبات رەتنەكردووەتەوە و هەمیشە باسمان لەوەكردەوە خەباتی چەكداری دەبێت رێبەرایەتی حزب بڕیاری لەسەر بدات كە قازانجە وەكو خەبات، بەپێی ئاڵوگۆڕەكانی ناوچەكە و بارودۆخی نێو كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو ستەمەی لەسەر كوردی ئێراندا كردوویەتی هەوڵمان داوە پێشمەرگەكان نزیك بكەینەوە و بیانبەینە سنوورەكان و ئەگەر گونجاو بوو بەشێوەی رێك بیاننێرینەوە بۆ رۆژهەڵات بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵك لە پەیوەندیدابن، بۆیە دەستمان پێكردووە".
لەبارەی خەباتی چەكداریشەوە هیجری رەتی دەكاتەوە وازیان لێ هێنابێت، ئەو بۆ ئانادۆڵو دەڵێت چەك وەكو رزگاریدەری كورد لەخەباتەكانمدا نازایین لەهەموو بەشەكانی كوردستاندا، بەڵام چەك دەتوانێت وەكو بەشێك لە خەبات بێ دەتوانێ شوێندانەری هەبێت، ئێستا ئەو رۆڵە دەبینین لە كۆماری ئیسلامی ئێران كە لە خزمەتی سیاسەتی حزب بچێتە پێشەوە".
هیجری لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە لە کاتێکدا لە تورکیا هەوڵی چەکدانان دەکرێ بۆ پەکەکە کەچی ئەوان تازە بە تازە چەک وەکوو گوشارێک بەکار دێنن گوتی: "ئەمە بۆ توركیا جیاوازە و لەوێ بواری خەباتی مەدەنی هەیە و كورد بە هەڵبژاردن دەتوانن نوێنەری خۆیان ببەنە پەرلەمان، هەدەپە بەشێكی زۆری شارەوانییەكانی كوردنشینی بەدەست هێنا و ژمارەیەكی زۆری كورسی لە پەرلەمان وەدەست هێنا، بۆیە لە هەر جێگە یان شوێنێكی كوردستان ئیمكاناتی خەباتی مەدەنی هەبێت نابێت خەباتی چەكداری بكات، بەڵام لە بەشێك كە خەباتی مەدەنی مەجالی نییە دەكرێت سوود لە خەباتی چەكداری وەربگرین، ئەگەر وەكو توركیا بین ئەوا رەنگە بڕیارێكی ترمان دابایە".
هیجری دەربارەی ئامادەییان بۆ دانیشتن و گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت "ئێمە هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران پێشنیاری وتوێژمان كردووە، ئەو كاتە بوو كە دەستەی نوێنەرایەتی كورد لە كوردستان بە هاوكاری حزبی دیموكراتی ئێران و هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی دیكە كە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستانی ئێراندا بوون، كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو كاتە دەریخست باوەڕی بە دیالۆگ نییە و دەیەوێ هێزەكانی كۆ بكاتەوە، دوای ئەوەی هێزەكانی كۆ كردەوە هێرشی كردە سەر رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام ئێمەدوای ئەوەش هەوڵمان داوە لەرێگەی دیالۆگەوە كێشەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران چارەسەر بكەین، ئەوە بوو بینیمان د.شەهید قاسملوو و شەهید كاك عەبدوڵا قادری ئازەر لەسەر داوەتی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەسەر مێزی گفتوگۆ شەهید كران كە چەند رۆژێك لەمەوبەر یادمان كردەوە".
دەشڵێت" كێشە ئەوەیە كۆماری ئیسلامی ئێران باوەڕۆی بە مافی نەتەوەكان و مافی كورد و ئازادی و دیموكراسییەت نییە، خۆزگە باوەڕی ببایە تا بمانتوانیبا كێشەكان چارەسەر بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەر كاتێك هەست بكەین كۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێ كێشەی كورد لە كوردستانی ئێراندا لەرێگەی باس و گفتوگۆوە چارەسەر بكات، ئێمە ئامادەدەبین بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونەكانی رابردوومان".
لەبارەی بوونی هەوڵی نێوەندگیریش بۆ دانیشتن هیجری گوتی "لە ساڵانی رابردوو لەوبارەیەوە هەوڵ دراوە دۆستانی ئەورووپاییمان كە دۆستی ئێمە و كۆماری ئیسلامی ئێران بوون ویستیان ئەو دانیشتانە هەبێت سەرەتا كۆماری ئیسلامی ئێران پێیان باش بوو، دوایی كە زانییان جیدی بووین ئەوان پەشیمان بوونەوە، بەڵام لەم سەردەمە نوێیەدا داوامان نەكردووە، چونكە ئێران بۆ وتوێژ و دیالۆگ جیددی نییە".
دەربارەی هەوڵەكانی یەكگرتنی هەردوو حزبی دیموكراتیش مستەفا هیجری گوتی "ئەگەری دەستپێكردنەوەی وتوێژەكان هەیە و لەلایەن خۆمانەوە خوازیاری وتوێژین، لایەنی بەرامبەر هەرچەند رایاننەگەیاندووە وتوێژ ناكەن، بەڵام ئیدی هەر دوادەكەوێت، بۆیە هەوڵ دەدەین و قبوڵی بكەن دووبارە دابنیشینەوە لەسەر گفتوگۆكان، ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین ئۆرگانی زۆر سەرەوەتری ئێمەیە وەكو كۆنگرە بڕیاری لەسەر داوە، پێمان وایە ئێستا كاتی ئەوەیە لەم بارودۆخە كە ناوچەكە لە گۆڕاندایە و ئێران پاش رێككەوتنەكە شتی نوێ دەبێت یەكبگرینەوە بۆ ئەوەی هێزێكی یەكگرتووتر بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی ئێران بین".
news_share_descriptionsubscription_contact

