هەولێر
وەزیری تەندروستی باسی لەوەكرد كە ئێستا لە هەولێر شەش پزیشكی نەشتەرگەریی گشتییان هەیە و سوپاسی كارگێڕ و كارمەندانی نەخۆشخانەی لەدایكبوونیشی كرد.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێم د.رێكەوت حەمەرەشید لەگەڵ پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی و بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەندروستی و سەرۆكی ئەنجوومەنی سندوقی شێرپەنجە د.دارا خۆشناو و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لەنێو نەخۆشخانەی منداڵان و لەدایكبوونی هەولێر چوار هۆڵی نەشتەرگەریی و هۆڵێكی چاودێری چڕ و سەنتەرێكیان بۆ شێرپەنجەی مەمك كردەوە.
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێم د.رێكەوت حەمەرەشید لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی ئەمڕۆ ئامادەی كردنەوەی ئەو سێ بەشە گرنگە بوون كە خزمەت بە نەخۆشخانەكە و پارێزگای هەولێر دەكات.
گوتیشی: "لە نەخۆشخانەی منداڵ بوون ئامادەبووین بۆ كردنەوەی چەند بەشێكی تازە، لەوانە چوار هۆڵی نەشتەرگەری مۆدێرن و هۆڵێكی چاودێری چڕ بۆ نەخۆش و سەنتەرێكی پێشكەوتوو بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی مەمەك لە ژنان".
دەستخۆشیشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەران و كارمەندانی نەخۆشخانەی منداڵ بوون و هەروەها پارێزگاری هەولێر كرد.
ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە سەندوقی شێرپەنجە یارمەتیی باشی تووشبووانیان داوە و باسی لەوەشكرد كە كردنەوەی ئەو سەنتەرە بۆ شێرپەنجەی مەمك كارەكان بەرەو پێشەوە دەبات.
د.رێككەوت حەمەرەشید لە درێژەی قسەكانیدا لەبارەی ئاستی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە گوتی "ئاستی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی كەمترە و كار دەكەین بۆ كەمكردنەوەی ئەو رێژەیەشی كە هەیە".