ئاستانا
كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژاردنەكانی لە كازاخستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا نور سوڵتان نزارباییڤ سەدا 97.7ی دەنگەكانی بەدەستەوە هێناوە.
سەرۆكی كۆمیتەی هەڵبژاردنەكان كوئاندوك تورگانكولۆڤ لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لە شاری ئاستانا گوتی: "بەپێی ئەنجامە بەراییەكان نور سوڵتان نزارباییڤ سەدا 97.7ی دەنگەكانی بەدەستەوە هێناوە و بۆ جاری پێنجەم بە سەرۆكی وڵات هەڵبژێردرایەوە".
تورگانكولۆڤ گوتی: "لە كۆی نۆ ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەردا سەدا 95.22 دەنگدەران بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان كردووە و لەوانەش 97،7 دەنگیان بە نزارباییڤ داوە و هەریەك لە، كاندیدی پارتی كۆمۆنیست تورگون سیزدیكۆڤیش سەدا 1.6ی دەنگەكان و كاندیدی سەربەخۆ ئابەلگازی كوساینۆڤیش سەدا 0.7ی دەنگەكانیان بەدەستەوە هێناوە.
كازاخستان ساڵی 2007 بە مەبەستی زیاتر كردنی دەسەڵاتەكانی پەرلەمان و بەرەو پێشەوە بردنی دیموكراسی، دەستووری هەمواركردەوە و ماوەی سەرۆكایەتی كە پێشتر حەوت ساڵ بوو بۆ پێنج ساڵ كەم كردەوە.
نزارباییڤ لە ساڵی 1989وە تا ئەمڕۆ سەرۆكە و ئەمە جاری پێنجەمە دەبێتەوە سەرۆك كۆمار.