Sangar Hamad Azeez,Hemın Othman Mohammed
09 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2017
دیمەشق-AA
سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی ھەر رێککەوتنێک لە کۆبوونەوەکانی ئاستانا.
ئاژانسی سانای سووری بڵاویکردەوە کە ئەسەد لە میانی لێدوانێکی بۆ میدیایەکی فەڕەنسی، ئاماژەی بەوە کردووە کە شاندێکی مێژوویی بۆ کۆبوونەوەکانی ئاستانا دەنێرێت.
بەپێی سانای سووری ئەسەد لە لێدوانەکەی جەختیکردەوەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئامادەن ھەر رێککەوتنێک کە پێویست بکات ئەنجامی بدەن و گوتی: "ھیچ سنوورێکمان نییە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لەبارەی داھاتووی سووریا یاخود کۆتاییھێنان بەقەیرانەکانی ئەو وڵاتە، بەڵام ئایا لەوبەری مێزەکە کێ بەرامبەرمان دادەنیشێت؟ تاوەکو ئێستا ئەوە نازانین. ئایا ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی سووریا دەبێت؟ مەبەستم لە راستەقینە ئەو ئۆپۆزسیۆنەیە کە ھاووڵاتی سووریان نەک سعوودی، فەڕەنسی و ئینگلیزی. سەرکەوتنی رێککەوتنەکە پەیوەستە بەو خاڵەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئامادەی گفتوگۆن سەبارەت بەپۆستی سەرۆکی سووریا ؟ ئەسەد گوتی: "بەڵێ، بەڵام ھەڵویستی من پەیوەستە بەدەستوورەوە. لە دەستووردا میکانیزمی ھێنانە سەر کاری سەرۆکی دەوڵەت یان رزگاربوون لێی زۆر روون و ئاشکرایە. واتا ئەگەر ویستی مشتومڕی ئەو بابەتە ھەبێت، ئەوا پێویستە بەپێی دەستوور بێت. دەستوور نابێت سەر بەحکوومەت، سەرۆکی دەوڵەت یان ئۆپۆزسیۆن بێت، دەبێت سەربە گەلی سووریا بێت. پێویستمان بەڕیفراندۆمە بۆ ھەموو دەستوورێک. ئەوەیش یەکێکە لەو خاڵانەی کە لە کۆبوونەوەکەی ئاستانادا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. بەڵام ناتوانین بڵێن ئەو سەرۆک دەوڵەتەمان دەوێت یان نامانەوێت. لەبەرئەوەی سەرۆکی دەوڵەت پەیوەستە بەسندوقی ھەڵبژاردنەوە. ئەگەر ئەوتان ناوێت بابچینە سەر سندوقی ھەڵبژاردن".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەچارەنووسی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لە دانوستانەکاندا، ئەسەد بانگەشەی ئەوەی کرد کە لەو ئۆپۆزسیۆنانە خۆشدەبێت کە دەستبەرداری چەک دەبن.
ئاگربەستی نێوان لایەنەکانی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ٣٠ کانوونی یەکەمی ٢٠١٦دا، بەدەستەبەری تورکیا و رووسیا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام ھێزەکانی رژێم و گرووپە تیرۆریستە بیانییەکانی سەربە رژێم ئاگربەستەکەیان پێشێل کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، لە ٤ی ئەم مانگەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەگەر لایەنەکان باپەندبن بەئاگربەستەکەوە ئەوا لە ٢٣ی کانوونی دووەمدا گفتوگۆکانی ئاستانا دەست پێ دەکەن.
لە ئێستادا ھێزەکانی رژێم لە ناوچەکانی غوتەی خۆرھەڵات (سەربە دیمەشق)، دۆڵی بەرادا، پارێزگای دەرعا و گوندەوارەی باشووری پارێزگای حەلەب بەردەوامن لەسەر پێشێلکردنی ئاگربەست.