Hemın Othman Mohammed,Mohammed Baqi Hussein
09 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2017
تاران - AA
سەرکۆماری پێشووتری ئێران، ھاشمی رەفسەنجانی کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە کۆچی دوایی کرد لە ئێران بەپارێزەری رێفۆرمخوازان و رابەری مەعنەوی موحافزکارانی میانڕەو دەناسرا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، ھاشمی رەفسەنجانی کە یەکێکە لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی ئێران لە پاش شۆڕش، دوێنێ یەکشەممە بەجەڵتەی دڵ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
رەفسەنجانی کە ناوی راستەقینەی ئەکبەر ھاشمی بەھرەمانیە لە ٢٥ی ئابی ١٩٣٤دا لە گوندی بەھرەمانی سەربە شارۆچکەی رەفسەنجانی پارێزگای کەرمان لە خێزانێکی دەوڵەمەندی وەبەرھێنی فستق لە دایکبووە.
پێش شۆڕشی ئێران ساڵی ١٩٧٩، رەفسەنجانی پەیوەندی کردووە بەبزووتنەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی و، رۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە جەنگی ئێران-عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٨.
ھاشمی رەفسەنجانی، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٩-١٩٩٧ بۆ دوو خول پۆستی سەرکۆماری بەڕێوەبردووە، پاشان بوو بەسەرۆکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران.
- رۆڵی رەفسەنجانی لە ھەڵبژاردندا
رەفسەنجانی کە یەکێکە لە ھاوڕێ نزیکەکانی رابەری ئێران عەلی خامنەیی، بەیەکێک لەو کەسانە ناسراوە کە خامنەیی-یان ھێنایە ناو سیاسەتی ئێرانەوە.
رەفسەنجانی خاوەنی ئەو گوتەیەبوو کە دوای کۆچی دوایی رابەری شۆڕشی ئێران خومەینی، لە ئەنجوومەنی شارەزایانی ئەو کاتەی ئێران بۆ دیاریکردنی جێگرەوە رابەری شۆڕش لە خومەینییەوە گواستییەوە و گوتی: "با خامنەیی لە دوای من ببێتە رابەر"، بەو شێوەیەش خامنەیی لە پاش خومەینی بەپشتیوانی رەفسەنجانی ھاتە سەر دەسەڵات.
سەرکۆماری پێشووتری ئێران، ھاشمی رەفسەنجانی کە سەربە باڵی موحافزکاران بوو، سیاسەتمەدارێک بوو کە رێزی لە بژاردەکانی گەلی ئێران دەگرت. بەتایبەتی لە دوا روونکردنەوەکانیدا بەرگری لەوە دەکرد کە داھاتووی وڵات بژاردەی گەل و ھەڵبژاردن دیاری دەکات.
ئەو ئاراستەیەی رەفسەنجانی لە ساڵی ١٩٩٧دا دەرکەوت، کاتێک رابەری ریفۆرمخواز، محەمەد خاتەمی بەشداری لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا کرد. پشتیوانی زۆرینەی گەل لە رابەرێکی ریفۆرمخواز رەفسەنجانی بردە بەرەی گەلەوە. لەو کاتەدا رەفسەنجانی دەستیکرد بەپاراستنی ریفۆرمخوازانی ئەو سەردەمە. ئەوە ئاراستەیەشی لە کاتی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماردا یەکلایی بوویەوە کە مەحمود ئەحمەدی نەژاد بەشداری تێدا کرد. لەو ھەڵبژاردنەدا لایەنگرانی ریفۆرمخواز پشتیوانیان لە رەفسەنجانی کرد. بەو شێوەیەش ناکۆکی نێوان رەفسەنجانی و دۆستە دێرینەکانی لە موحافزکاران دەرکەوت.
ھەرچەندە لەگەڵ رابەری موحافزکارانی ئێران خامنەییدا لە ھەندێک بابەتدا ناکۆک بوون، لەجیاتی دەربڕینی رەخنەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ رەخنەیان لەیەکتر دەگرت.
- پشتگیریکردنی ریفۆرمخوازەکان
دوای ئەوەی لە ھەڵبژادنی سەرۆکایەتیی ٢٠٠٩دا رەفسنجانی لایەنگریی ریفۆرمخوازەکانی کرد و پشتگیریی میر حوسەین موسەویی کرد و لە رووداوەکانی دواتردا، ناکۆکییەکانی نێوان رەفسنجانی و خامنەیی زیاتر دەرکەوت، ئەویش بەھۆی ئەو فشارانەی موحافزکاران لەسەر خێزانی رەفسنجانی دروستیان کرد.
فایزە رەفسنجانیی کچی رەفسنجانی، بەھۆی ھەڵسوکەوت و روونکردنەوەی ریفۆرمخوازانەوە دەستبەسەرکرا. مەھدی ھاشمیی کوڕیشی بەتۆمەتی رشوە و بەرتیل سزای زیندانیی دە ساڵی بۆ دەرکرا.
سەرباری ھەموو ئەمانە، بەکارنەھێنانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی منداڵەکانی و پێنەدانی پلە و پۆستی سیاسی لەلایەن رەفسنجانییەوە، نزیکیی ناوبراوی لە خەڵکی زیاتر کردبوو.
- پشتگیریکردنی سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی
رەفسنجانی لە دانوستانی ئەتۆمیدا پشتگیریی تەواوی روحانیی کرد. لەبەرامبەر ئەو رەخنانەی موحافزکاران ئاراستەی روحانی-یان دەکرد سەبارەت بە -دانوستانەکان، رەفسنجانی ھەمیشە لە وتارەکانیدا بەرگریی لێدەکرد.
لیستەکەی رەفسنجانی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێراندا کە مانگی شوباتی ٢٠١٦ بەڕێوەچوو، لەلایەن گەلەوە پشتگیریی تەواوی بەدەستھێنا.
- سیاسییەک کە رەخنە لەخۆی دەگرێت
رەفسنجانی کە ھەمیشە پێی وابووە دەبێت ئێران بەڕووی وڵاتانی خۆرئاوادا بکرێتەوە، پێشنیازی باشکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەشی کردووە لەگەڵ سعوودیە.
لە روونکردنەوەیەکیدا ناوبراو رایگەیاندبوو کە ھەوڵی نزیککردنەوەی زاناکانی ئێران و زاناکانی سعوودیەی داوە، بەڵام ھەندێک لایەن لەناو ئێراندا رێگرییان لەو ھەوڵە کردووە و ئەمەش بووە جێی مشتومڕ لە ئێران.
رەفسنجانی نیگەرانیی خۆی لەبارەی گرژییە مەزھەبییەکانی ناوچەکە و بیری توندڕەوی دەردەبڕی و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەبارەی ناکۆکییەکانی سوننە و شیعە رایگەیاندبوو: "نەفرینکردنی شیعەکان لە ھاوەڵانی پێغەمبەر، زەمینەی بۆ دروستبوونی رێکخراوگەلێکی وەک داعش رەخساندووە".