Mohammed Baqi Hussein
26 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2016
ئیستانبوڵ - AA
راگه‌یه‌نرا کە رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌لی خامنه‌یی پێشنیازی كردووه سه‌ركۆماری پێشووی ئه‌و وڵاته، مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به‌شداری نه‌كات له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا كه ساڵی ئاینده ئه‌نجامده‌درێت.
ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردەوە، خامنه‌یی له‌میانی وتارێكیدا كه له چالاكییه‌كدا پێشكه‌شیكردبوو، باسی له‌و ده‌نگۆیانه كرد كه ده‌گوترێت خامنه‌یی مۆڵه‌تی به ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد نه‌داوه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ئاینده‌دا به‌شداری بكات.
خامنه‌یی بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنێت رایگه‌یاند، سه‌ركۆماری پێشوو سه‌ردانی كردووه و سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كردووه.
خامنه‌یی گوتی: "منیش به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و كه‌سه و وڵاته‌كه‌مان پێم گوت كه به‌شداری نه‌كات. ته‌نانه‌ت پێمنهگوت به‌شداری نه‌كات، پێم راگه‌یاند كه پێم باش نییه به‌شداری بكات".
هه‌روه‌ها خامنه‌یی رایگه‌یاندووه كه وڵاته‌كه‌یان پێویستیی به یه‌كێتی و پێكه‌وه ژیان هه‌یه و پێی وایه به‌شداریكردنی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌مسه‌رگیری.
میدیاكانی ئێران پێشتر بڵاویانکردبووەوە كه ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه خامنه‌یی مۆڵه‌ت به ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد نادات له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ئاینده‌دا به‌شداری بكات.