Sangar Hamad Azeez
30 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2016
ڤییەنا - AA
ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك گەیشتنە رێكەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆا یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
بەمەبەستی گەیشتنە رێكکەوتن بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمڕۆ ئەندامانی رێكخراوی وڵاتانی بەرهەمێنی نەوت (ئۆپیك) لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا ١٧١مین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجامدا.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەكە، وەزیری نەوتی قەتەرو سەرۆكی ئێستای رێكخراوی ئۆپیك محەمەد سەڵاح بن سادە گوتی: "لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا گەیشتوینەتە سەركەوتنێكی گەورە. تەواوی وڵاتانی ئەندام رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە، هەموو وڵاتان بە بەرپرسیارەتییەوە مامەڵيیان کرد".
ئەو وەزیرە رایگەیاند، ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەم دەکەنەوە بۆ یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و بڕیارەکەش لە کانوونی یەکەمی ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.
سادە ئاماژەی بەوەشدا كە وڵاتانی دەرەوەی رێكخراوی ئۆپیكیش پەیمانیان داوە كە رۆژانە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت كەم بكەنەوەو تێیدا ڕووسیاش یەكێكە لەو وڵاتانەو بەڵێنی كەمكردنەوەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی داوە.
بە گوێرەی رێککەوتنەکەش كۆی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت کە لە ئێستادا ٣٣ ملیۆن و ٢٤٠ هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا بۆ ٣٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەم دەکرێتەوە.
ئەندامانی ئۆپیک لە ٢٨ی ئەیلوولی رابردوو لە جەزائیر کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیە بڕیاردرا کەوا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە رۆژێکدا بۆ ٣٢ملیۆن و ٥٠٠ هەزار سنووردار بکرێت.
بە گوێرەی رێککەوتنەکەش وڵاتی عەرەبستانی سعوودیە زۆرترین بڕ کەم دەکاتەوە کە رۆژانە بڕی ٤٨٦ بەرمیل و بە پێچەوانەوەش ئێران رۆژەنە ٩٠ بەرمیل بەرهەمهێنان زیاد دەکات.
رێكخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت ناسراو بە ئۆپیك، رێكخراوێكی جیهانییەو ١٤ وڵات لەخۆ دەگرێت كە بەشی زۆری داهاتەكانیان لەسەر بەرهەمی نەوتە. ئەو وڵاتانە ٤٠% بەرهەمی جیهانیو ٧٠% یەدەگی نەوتی جیهانیان لایە.