Muhammet Ali Kemal
13 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2016
ئەوە راگەیەنرا كە پێشبینی دەكرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە بەرهەمهێنی نەوتن و ئەندامی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (OPEC) نین، لە ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧دا دابەزێت.
فەرمانگەی زانیاریی وزە لە ئەمریكا (EIA)، لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا لەژێر ناوی ''پێشبینییەكان سەبارەت بە وزە لە كورت مەودادا'' ئەوەی راگەیاندووە كە پێشبینی دەكرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە بەرهەمهێنی نەوتن و ئەندامی ئۆپێك (OPEC) نین، لەمساڵ و لەساڵی ٢٠١٧دا دابەزێت.
لە راپۆرتەكەدا باس لەوەكراوە ئەو وڵاتانە كە بەرهەمهێنەری نەوتن و ئەندامی ئۆپێك (OPEC) نین، لە ساڵی ٢٠١٥دا رۆژانە بە تێكڕا ٥٧ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاویان بەرهەم هێناوە، پێشبینی ئەوەیكردووە ئەم بڕە لە ساڵی ٢٠١٦دا ٤٠٠ هەزار بەرمیل و لە ساڵی ٢٠١٧دا ٥٠٠ هەزار بەرمیل دابەزێت.
فەرمانگەی زانیاریی وزە لە ئەمریكا (EIA) جەختی لەوەكردووەتەوە لە حاڵەتی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئەو وڵاتانەوە لەمساڵدا، ئەوا بۆ یەكەمجارە ئەو ئاستی نەوتی بەرهەمهێنراو لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئەندامی ئۆپێك نین، لەساڵێكەوە بۆ ساڵێكی دیكە دابەزێت.
فەرمانگەكە لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، زۆرترین دابەزین لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتدا لە دەرەوەی ئۆپێك، لەلایەن ئەمریكاوە سەرچاوەی گرتووە. هۆشداریی ئەوەشی داوە ئەمریكا كە لە پێگەی سێیەم وڵاتی بەرهەمهێنی نەوتی خاودایە لەسەر ئاستی جیهان، لە چارەكی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦دا رۆژانە بە تێكڕا نۆ ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، پێدەچێت ئەو ئاستە لە بەرهەمهێنان لە چارەكی سێیەمی ٢٠١٧دا بۆ حەوت ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل دابەزێت.
ئەمریكا لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا رۆژانە بە تێكڕا نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە و بەو شێوەیەش گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان لە ساڵی ١٩٧١ەوە تا ئێستا. بەڵام بەهۆی نزمیی نرخی نەوت و دابەزینی ئاستی خەرجییەكانی وەبەرهێنانەوە، ئەم بڕە مانگ لەدوای مانگ رووی لە دابەزین كردووە.
راپۆرتەكەی فەرمانگەی زانیاریی وزە لە ئەمریكا باسی لەوەكردووە بەهۆی نیگەرانییەكان لە خاوبوونەوەی تەوژمی سیولە لە سێكتەری نەوتدا لە ماوەی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا، ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان پرۆژەكانی وەبەرهێنانیان راگرتووە. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی ئاستی سوودەكان و ئەگەری سەختبوونی مەرجەكانی قەرز وەرگرتن، ئەو كۆمپانیانە دەستراگەیشتنیان بە سەرمایەكانیان سنووردار دەبێت.
لەلایەكی دیكەوە، لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەلایەن وڵاتانی ئەندامی ئۆپێكەوە كراوە كە لە ساڵی ٢٠١٥دا بریتی بووە لە تێكڕای رۆژانەی ٣١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل، لەمساڵدا ئەو بڕە بۆ ٣٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەكرێت لەساڵی ٢٠١٧دا بۆ ٣٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبێتەوە.
لە راپۆرتەكەدا ئەوەش ئاشكراكراوە، بەشێكی زۆری بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندامی ئۆپێكەوە، بۆ هەڵگرتنی سزاكانی لەسەر ئێران و ئامانجەكانی ئەو وڵاتە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا دەگەڕێتەوە.
فەرمانگەی زانیاریی وزە لە ئەمریكا، لە راپۆرتەكەیدا باسی لە پێشبینییەكانی بەكارهێنانی نەوت لەسەر ئاستی جیهان كردووە و ئاماژەی بەوەكردووە وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی هاریكاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) لە ساڵی ٢٠١٥دا رۆژانە بە تێكڕا ٤٦ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاویان بەكارهێناوە و لەساڵی ٢٠١٦دا ئەم بڕە بۆ ٤٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە و چاوەڕواندەكرێت ئەو ژمارەیە لە ٢٠١٧دا بۆ ٤٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل هەڵكشێت.
هەروەك ئاماژە بە بەكارهێنانی نەوتی خاو لەلایەن ئەو وڵاتانەوە كە ئەندامی رێكخراوەكە نین كراوە و ساڵی رابردوو تێكڕای بەكارهێنانی نەوتی خاوی رۆژانە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە ٤٧ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل بووە و ئەمساڵ ژمارەكە بۆ ٤٨ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە و پێشبینیش دەكرێت لە ساڵی داهاتوودا ببێت بە ٤٩ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل.
لە كۆتایی راپۆرتەكەی فەرمانگەی زانیاریی وزەدا پێشبینییەكان سەبارەت بە تێكڕای نرخی نەوتی خاو لە جۆری برێنت و تەكساس خراوەتە روو، پێشبینی دەكرێت بۆ ئەمساڵ تێكڕا ٣٥ دۆلار بێت و ساڵی داهاتوو ٤١ دۆلار بێت.