Muhammet Ali Kemal
13 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2016
- بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، ئەو ناوەندە بازرگانییانەی کە بڕیارە دابمەزرێنرێن، جیاواز دەبێت لە ناوچەی ئازاد. بەرهەمەکانی هەردوو وڵات لەو ناوەندە بازرگانییانەدا لە رێگەی ژمارەیەکی تایبەمەندیی جیاوازی باجەوە، دەفرۆشرێن.
- لە دوور مەوداشدا بەرهەمەکانی هەردوو وڵات، لە رێگەی ناوەندەکانی بازرگانییەوە، بە تورکیادا دەگاتە ئەورووپا و بە سعوودیەدا دەگاتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
-وەزیری بازرگانی و پیشەسازی سعوودیە: ''پێمان وایە کردنەوەی ئەو ناوەندانە دەرفەتێکی گرنگە لە رووی بەرەوپێشبردن و هاندانی بازرگانیی و دەبێتە هۆی درووستبوونی توانایەکی باش''.
وا بڕیارە لەچوارچێوەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیەدا، ژمارەیەک ناوەندی بازرگانی دابمەزرێنرێن.
لە نێو شاندی یاوەری شای سعوودیە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز کە بەسەردانێکی فەرمی و بەمەبەستی ئەنجامدانی ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی جۆراوجۆر لە تورکیایە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئەو وڵاتە تۆفیق بن فەوزان ئەلرەبیعە، بوونی هەیە.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی سعوودیە لە میانی سەردانەیەکدا بۆ تورکیا لەگەڵ وەزیری گومرک و بازرگانی ئەو وڵاتە بولەنت توفەنکچی کۆبوویەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی و ئەگەرەکانی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران.
لای خۆیەوە وەزیری گومرک و بازرگانی تورکیا پێشنیازی دامەزراندنی ژمارەیەک ناوەندی بازرگانیی لەنێوان وڵاتەکەی و سعوودیەدا کرد و ئاماژەی بەوەکرد بەو شێوەیە دەتوانرێت قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات گەورە بکرێت.
لەلێدوانێکیدا سەبارەت بە بابەتەکە تۆفیق بن فەوزان ئەلرەبیعە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەوان بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لەو پێشنیازە کردووە.
ئەلرەبیعە جەختی لەوەکردەوە کە ئەوان گرنگیی بە هەموو ئەو هەوڵانە دەدەن کە مەبەست لێی بەرەوپێشبردنی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتە و دامەزراندنی ئەو ناوەندە بازرگانییانەش بەبڕوای ئەوان کارێکی ئێجگار گرنگە.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی سعوودیە ئاماژەی بەوەكرد ئەوان بەتایبەت گرنگیی بە بنیاتنانی بازرگانیی کوالیتی بەرز دەدەن و بەرەنگاری کاڵای ساختە و کۆپی دەبنەوە، هەروەها بایەخ بەوە دەدەن ئەوەندەی بتوانن ئاسانکاری بۆ پرۆسەی بازرگانیی نێوان سعوودیە و تورکیا بکەن. راشیگەیاند ''لەو چوارچێوەیەدا پێمان وایە کردنەوەی ئەو ناوەندانە دەرفەتێکی گرنگە لە رووی بەرەوپێشبردن و هاندانی بازرگانیی و دەبێتە هۆی درووستبوونی توانایەکی باش''.
- دەتوانرێت فرۆش لەگەڵ وڵاتانی سێیەمیشدا ئەنجام بدرێت
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، ئەو ناوەندە بازرگانییانەی کە بڕیارە دابمەزرێنرێن، جیاواز دەبێت لە ناوچەی ئازاد. بەرهەمەکانی هەردوو وڵات لەو ناوەندە بازرگانییانەدا لە رێگەی ژمارەیەکی تایبەمەندیی جیاوازی باجەوە، دەفرۆشرێن.
لە دوور مەوداشدا بەرهەمەکانی هەردوو وڵات، لە رێگەی ناوەندەکانی بازرگانییەوە، بە تورکیادا دەگاتە ئەورووپا و بە سعوودیەدا دەگاتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
چاوەڕوان دەکرێت فەرمانی دەستپێکردنی کارە تەکنیکییەکانی دامەزراندنی ئەو ناوەندانە، لەلایەن بەرپرسانی هەردوو وڵاتەوە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بدرێت.