Muhammet Ali Kemal
12 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2016
قاهیرە
سعوودیە و چوار وڵاتی دیكەی كەنداو، بەشدارییان لە كۆبوونەوەكانی تاوتوێكردنی روونكردنەوەی ''هاوپشتیی لەگەڵ لوبناندا'' نەكرد كە لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمكاری عەرەبی و لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوەكە، بەڕێوەچوو.
لە كاتێكدا هەریەك لە سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن و كوێت كە پێنج وڵاتی كەنداون، بێ ئەوەی هیچ هۆكارێك ئاشكرا بكەن بەشدارییان لەو كۆبوونەوانەدا نەكرد كە بەمەبەستی تاوتوێكردن و مشتومڕ لەسەر روونكردنەوەی ''هاوپشتیی لەگەڵ لوبناندا'' ئەنجام درا. بەڵام هەموو وڵاتانی دیكە كۆمكاری عەرەبی دەنگیان لەسەر روونكردنەوەكە دا.
لەو روونكردنەوەیەدا هاتووە "فەراهەمكردنەوەی سەرلەنوێی هاوپشتییەكان لەگەڵ لوبناندا، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت یەكێتیی نیشتمانیی، ئاسایش، ئارامی، یەكپارچەیی خاكەكەی و سەروەریی وڵات بپارێزێت، هاوكاری سیاسی و ئابووری حكوومەتەكەی بكرێت و هاوكات گەلی لوبنان مافی ئەوەی هەیە كێڵگەكانی شەبعا ئازادبكات یان وەریانبگرێتەوە و وەڵامی هەر هێرشێك لە رێگا رێگەپێدراوەكانەوە بداتەوە''.
لە كۆبوونەوەكەی دوێنێی كۆمكاری عەرەبیدا كە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بەڕێوەچوو، حزبوڵڵای لوبنانی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستیی ناسێنرا. ئەوەش زانرا كە عێراق، جەزائر و لوبنان لەسەر ژمارەیەك بەندی بڕیارەكە مەرجیان هەبووە.
هەڵپەساردنی ئەو هاوكارییە سەربازییە لە مانگی رابردوودا كە بڕەكەی چوار ملیار دۆلارە و بڕیار بوو سعوودیە پێشكەشی لوبنانی بكات، وەك ''كاردانەوەی حكوومەتی ریاز بەرامبەر بەو سیاسەتە كە حزبوڵڵا لە یەمەن، سووریا و بەحرێن پەیڕەوی دەكات'' لەقەڵەمدرابوو. لەدوای بڕیارەكەش هەریەك لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن، كوێت و قەتەر هاووڵاتییانی خۆیان ئاگادار كردبوویەوە كە لەبەر نیگەرانییەكانیان سەبارەت بە دۆخی ئاسایش لە لوبنان، سەردانی ئەو وڵاتە نەكەن.