Zafer Fatih Beyaz
13 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2026
سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای ئاماژەکردن بە کودتای ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠، ڕایگەیاند، "زۆر یەک لە کێشەکانی ئێمە کە تا ئێستاش وزەی ئێمە بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکات، لەسەرووی هەموویانەوە تیرۆر، دەگەڕێتەوە بۆ کودتای ١٢ی ئەیلوول".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی گشتی لە شاری سامسۆن، باکووری تورکیا، گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە چاکسازییەکان لە سیستەمی تەندروستی تورکیا کرد و گوتی: "بە هۆی وەبەرهێنانەکان لە ٢٤ ساڵی ڕابردوو بە تایبەت لە بوارەی دروستکردنی نەخۆشخانە لە شارەکاندا، بووینە نموونەیەک لەسەر ئاستی جیهان".
گوتیشی: "لەسەرانسەری تورکیا سیستەمێکی چاودێری تەندروستیمان دامەزراندووە و جیاواز لە هەرچەشنە پێگەیەک لە ڕووی داهاتەوە، مامەڵەیەکی مرۆییان لەگەڵ دەکرێت. بەر لەوە هاووڵاتیانمان بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی دەرەوەی وڵاتیان دەکرد. ئێستا پێچەوانە بووەتەوە و ساڵانە سەدان هەزار بیانی بۆ چارەسەر سەردانی تورکیا دەکات".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە کودتای ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ کرد و گوتی: "کودتای ١٢ی ئەیلوول نەک تەنیا برینێکی قوڵی لەسەر دڵی هەموومان جێهێشت، بەڵکو لە هەمانکاتدا گورزێکی قورس بوو بۆ سەر گەشەکردن و پەرەپێدان لە تورکیادا".
گوتیشی: "زۆر یەک لە کێشەکانی ئێمە کە تا ئێستاش وزەی ئێمە بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکات، لەسەرووی هەموویانەوە تیرۆر، دەگەڕێتەوە بۆ کودتای ١٢ی ئەیلوول".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "دەمەوێ هەموو ئەوە بزانن کە سەردەمی کودتا لە تورکیا بەسەر چووە. ئەو گەلە ڕێگە نادات دووبارە ئەوە ڕووبداتەوە".
لە کۆتاییدا سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "سوورین لەسەر خەباتکردن بۆ دیموکراسی. بەو دەسەڵاتەی کە لە گەلەوە پێمان بەخشراوە، ڕێز لە متمانەی خەڵک دەگرین و بە نرخی گیانمان پارێزگاری لێ دەکەین".