Sangar Hamad Azeez
18 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2016
لووتکەی وڵاتانی ئەندام لە 'OPEC' بەبێ رێككەوتن كۆتایی پێهات.
دوا بەدوای کۆبوونەوەکە، وەزیری نەوتی قەتەر محەمەد بن ساڵح ئەلسادە روونکردنەوەیەکی دا و تێیدا رایگەیاند: "هەموو لایەنەكان گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی كە پێویستمان بە كات و راوێژی زیاترە، بۆ ئەوەی هەتا كۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێك لە مانگی حوزەیراندا بە چارەسەرێك بگەین".
ناوبراو گوتی: "دوای ئەوەی وڵاتانی سعوودیە، ڤەنزویلا، رووسیا و قەتەر بەشداریان لە کۆبوونەوەکان کرد لە مانگی شوبات و بڕیارێکی هاوبەش دەرکرا باردوخەکە بەرەو باشتر چوو، هەنووکە نەگەشتووینەتە هیچ رێککەوتنێک مانای ئەوە نییە کە کاتێکی زۆر دەخایەنێت ئەم دۆخە".
رۆژی یەكشەممەی رابردوو، ١٦ وڵاتی بەرهەمێنەری نەوت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەرێك بۆ نرخی كەمی نەوت لە دەوحەی پایتەختی قەتەر كۆبوونەوە، بەبێ ئەوەی كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی لێبكەوێتەوە.
لە دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) رایگەیاندبوو "ئەگەر وڵاتانی بەشدار لە لووتكەی دەوحە لەسەر جێگیرکردنی بەرهەمهێنانیش رێكبكەون، كاریگەرییەكی خێرا لەسەر باڵانسی بازاڕ و نرخی نەوت دانانێت".