Hemın Othman Mohammed
19 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2016
دوای ئەوەی لووتكەی دەوحە سەبارەت بە نەوت هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە، نرخی یەك بەرمیل نەوت جۆری برێنت لە 44 دۆلار نزیكبوویەوە.
دوای ئەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە لووتكەی دەوحەدا، نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، دوێنێ نرخی نەوت جۆری برێنت لە كاتی كردنەوەی بازاڕدا لەسەدا 6 نزمبوونەوەی بەخۆوە بینی.
بەهۆی مانگرتنی كارمەندانی كەرتی نەوت لە كوێت، دوێنێ دابەزینی نرخی نەوت قەرەبوو كرایەوە و نرخی نەوتی برێنت بەرز بوونەوەی بەخۆوە بینی، پێش بەستنی لووتكەكەی دەوحە لەكاتی داخستنی بازاڕدا، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە سەرووی 43 دۆلارەوە بوو.
هاوكات بەهۆی بەردەوامی مانگرتنی كارمەندانی كەرتی نەوت لە كوێت، نرخی نەوتی برێنت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، لەم ساتەوەختانەشدا لەسەدا 1.4 بەرزبووەتەوە و بە 43.70 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
شارەزایانی بواری نەوت ئاماژە بەوە دەكەن كە كەمنەكردنەوەی بڕی خستنەبازاڕی نەوت كاریگەرییەكەی لەسەر نرخەكەی سنووردار دەبێت و، دەڵێن مانگرتنەكەی كوێت و بەرزبوونەوەی ئابووریی جیهانی، كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە.