Mazın Asad
02 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2016
فەرماندەی سوپای ئەمریكا لە ئەورووپا فیلیپ بریدلۆڤ رایگەیاند، رژێمی ئەسەد و رووسیا بە ئەنقەست سووریا دەكەنە ئامانج و هەوڵ دەدەن خەڵكی سڤیل ئاوارە بێت و وەك چەكێك دژی ئەورووپا بەكاری بهێنن.
بریدلۆڤ وەڵامی پرسیارەكانی كۆمسیۆنی خزمەتگوزاری چەكداری سەربە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكای دایەوە و تیشكی خستە سەر هێرشەكان دژی خەڵكی سڤیل لە سووریا.
بریدلۆڤ ئاماژەی بەوە دا كە سەرەڕای بەردەوامی ئاگربەستی كاتی لە سووریا، فڕۆكەكانی جەنگی رووسیا درێژە بە هێرشەكانیان لە سووریا دەدەن و گوتی: "بە هاتن و چوونی فڕۆكەكان هیچ گۆڕانكارییەكمان نەبینی. پێویستە داعش، نوسڕە و رێكخراوە هاوشێوەكان بكرێنە ئامانج، بەڵام ئەم نادیارییە درێژەی هەیە".
ناوبراو روونیشی كردەوە كە بەشداری كردنی رووسیا لە شەڕی سووریادا قەیرانەكەی ئاڵۆزتر كردووە و رایگەیاند كە سەرەڕای بەڵێنەكانی رووسیا لە بەردەم رای گشتیدا، بەڵام لە جیاتی بەرەنگاربوونەوەی داعش، رووسیا پشتگیری رژێمی ئەسەدی كردووە.
فەرماندەی سوپای ئەمریكا لە ئەورووپا گوتیشی: "رووسیا و رژێمی ئەسەد لە پێناو تێكدانی پێكهاتە و پێداگری ئەورووپا، بە ئەنقەست كۆچ وەك چەكێك بەكار دەهێنن. بەكارهێنانی بۆمبی بەرمیلی لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە تەنها بە مەبەستی كوشتنی خەڵكی سڤیل و ناچاركردنی هاووڵاتییان بۆ جێهێشتنی ماڵ و حاڵیان ئەنجام دەدرێت".
بریدلۆڤ بەم شێوەیە درێژەی بە قسەكانی دا: "لە بەردەوامبوونی هێرشەكانی بەشار ئەسەد بۆسەر گەلەكەی هیچ هۆكارێك نابینم. هەڵدانی بۆمبێكی بەرمیلی دۆخێك نییە روونكردنەوەی هەبێت. بۆمبی بەرمیلی بە مەبەستی تۆقاندن و جێهشتنێ ماڵەكان و ئاوارەبوونی خەڵك دروست كراوە. بۆیە بەكارهێنانی ئەم چەكانە لە لایەن رژێمی بەشار ئەسەد و هێزەكانی رووسیا رێخۆشكەرە بۆ ئاوارە بوون. هاوكات خەڵكی ئەو وڵاتە بۆ كێشەی لایەنێكی دیكە پەلكێش دەكات. جگە لەم هۆكارە هیچ هۆكارێكی دیكە نابینم".
"رووسیا تەنها دوو رۆژ پابەندی رێككەوتنەكە بوو"
سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و سیناتۆری كۆمارییەكان، جۆن مەككین رایگەیاند كە سەرەڕای پابەندبوونی رووسیا بە رێككەوتنەكە، بەڵام هێرشەكانی بۆ سووریا درێژەی هەیە و گوتی: "دەزانین بۆچی رووسیا رێككەوتنی ئاگربەستی كاتی پەسەند كرد و دواتر رێككەوتنەكەی پێشێل كرد. ئەمە هەروەك فیلمی ئۆكراینا وایە كە دوو ساڵە دەیبینین".
سیناتۆری كۆمارییەكان لە ویلایەتی كارۆلینا، لیندسی گراهام رایگەیاند كە سزاكانی ئەمریكا كاریگەری لەسەر گۆڕانكاری هەڵوێستی توندی رووسیا دروست نەكردووە.