ئورفا
ژمارەی ئەو كەسانەی كە بە هۆی تەقینەوە تیرۆریستییەكەی دوێنێی شارۆچكەی سروج گیانیان لەدەست دا بۆ 32 كەس بەرز بوویەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان كەسێكی دیكە كە بە هۆی تەقینەوەكەوە بریندار ببوو لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە و بەو جۆرە ژمارەی ئەو كەسانەی بە هۆی تەقینەوەكەوە گیانیان لەدەست داوە بۆ 32 كەس بەرز بوویەوە و بریندارەكانی دیكەیش لە نەخۆشخانەكانی ئورفا، عەنتاب، دیاربەكر و مەڵاتیادا چارەسەریان بۆ دەكرێت.
خوێندكاری بەشی زانستەكانی سیاسی زانكۆی ئیستانبوڵ كە لە تەقینەوەكەدا بریندار ببوو و دەگوترێت ناوی ئەفەیە، بە هاوكاری هاوڕێیانی هاتووە شوێنی تەقینەوەكە و لەوێ بە رۆژنامەنووسانی گوت: "كاتێك تەقینەوەكە روویدا رووم لە دیوار بوو و سەرەتا وام زانی تەقینەوەكە لە ژوورەوە بوو بەڵام كاتێك سوڕامەوە بینیم كە بەشێكی زۆری هاوڕێیانم پارچە بوونە بۆیە تێگەیشتم كە تەقینەوەكە لە نێو باخچەكەدا بووە و بە قاچە بریندارەكەمەوە هەوڵم بۆ هەڵاتن لە شوێنی تەقینەوەكەدا".
ئەفە هەروەها داوای ئەوەی كرد كە بەپەلە ئەو كەسانەی ئەو تەقینەوەیان ئەنجامداوە بدۆزرێنەوە و رادەستی دادگا بكرێن.