Heman Hussein Yaseen
20 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2026
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند بەلایانەوە گرنگە کە کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی تورکیا سەردانی سلێمانی بکەن و بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا.
لە میانی کردنەوەی سەنتەری پێدانی ڤیزەی تورکیا، قوباد تاڵەبانی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، گرنگی بەشداری کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی تورکیا لە ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی و هەروەها قۆناغی "تورکیای بێ تیرۆر" دوا.
لەبارەی پەیوەندییەکان لەگڵ بەغدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوامە بۆ دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی پرسی سووتەمەنی.
گوتیشی: "شاندەکانی ھەرێمی کوردستان بەچڕی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ دابینکردنی شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی پرسی مووچە".
سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکانی شاری سلێمانی و گرنگی بوونی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی تورک، قوباد تاڵەبانی ڕاگەیاند کە تیمێکی پسپۆڕ ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی ماستەرپلانێکی نوێ بۆ شارەکە بە ئامانجی خێراکردنی پرۆسەی وەبەرھێنان و کەمکردنەوەی ڕۆتین. جەختیشی لەسەر گرنگیی ئامادەیی کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی تورکیا کردەوە بۆ بەشدارییان لە پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا.
لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزینیش، قوباد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە کە بابەتەکە بەستراوەتەوە بە ھاوسەنگیی خستنەڕوو و داواکاری و گوتیشی، لە ئێستاشدا ھەوڵەکانیان لەگەڵ بەغدا و بەرھەمھێنەرانی ناوخۆ چڕ کردووەتەوە بۆ زیاترکردنی بڕی سووتەمەنی تاوەکو نرخەکەی دابەزێت.
سەبارەت بە قۆناغی "تورکیای بێ تیرۆر"، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم جەختی لە پشتیوانی تەواوی ھەرێمی کوردستان کردەوە بۆ پرۆسەکە و ڕایگەیاند، "ئاشتی دەبێت ھەمیشە زاڵ بێت و ھەردوولا بە جدییەوە لە ھەنگاوەکان دەڕوانن".