Tolga Akbaba
29 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2026
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، حوسێن موحیبی ئاماژهی بهوه كرد نامەیەکی ٢٥ لاپەڕەییان بۆ گەلی ئەمریکا ئامادە کردووە، کە هۆکارە ڕاستەقینەکانی هێرشەکان بۆ سەر ئێران لەخۆدەگرێت و، پەیوەستە بە هۆکارەکانی شهڕانگێزی جیهانیی ئەمریکا و هۆکارەکانی پشتیوانی کردنی ئیسرائیل.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە تارانی پایتەخت، موحیبی بانگەشەی ئەوەی کرد ئەمریکا لە ڕێگای ٢٠٠ کەناڵی تەلەڤيزیۆنی و ١٠٠ ڕادیۆوە پڕوپاگەندە دەکات.
موحیبی ئاماژەی بەوە كرد کە بە ناوی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ڕاستەوخۆ ڕووی دەمیان لە گەلی ئەمریکایە و، لەو نامە ٢٥ لاپەڕەییەدا دەیانەوێت هۆکارە ڕاستەقینەکانی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، لەپێشینەدانانی ئیسرائیل لەلایەن ئیدارەی واشنتۆنەوە لەبری گەلی ئەمریکا، هەروەها دەستنەکەوتنی هیچ شتێک جگە لە ڕقی گەلانی جیهان سەرەڕای خەرجکردنی ملیاران دۆلار لە پیشەسازی چەکدا بخەنەڕوو.
حوسێن موحیبی ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای نەبوونی هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و هەبوونی بودجەیەکی بەرگریی بە بڕی یهك تریلیۆن و ١٠٠ ملیار دۆلار، ئەمریکا هیچ سەرکەوتنێکی لە دەستوەردانە سەربازییەکانی سهبارهت بە ئێران و ئەفغانستان بەدەستنەهێناوە. پێویستە گەلی ئەمریکا لێپێچینەوە لەوە بکات بۆچی واشنتۆن ٨٥ ملیار دۆلار چەکی لە ئەفغانستان بەجێهێشتووە و، سەرەڕای دەوڵەمەندی سەرچاوەکانیشی ٣٩ ملیۆن کەسی هەژار لە ئەمریکادا دەژین.
موحیبی بانگەشەی ئەوەی كرد لەپێشینەی بەرپرسانی واشنتۆن تهنیا پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلە نەک گەلی ئهمریكا و، تەنانەت گرنگی بەوەش نادەن هاووڵاتییەکی ئەمریکی توانای دارایی دابینکردنی خەرجی ئۆتۆمبێلی فریاكهوتنیشی نییە.
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران موحیبی، باسی لەوە کرد لە ڕێگای ئەو نامەیەوە گەلی ئەمریکا لەو تاوان و دەستدرێژییانەی ٧٠ ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەیان ئاگادار دەبنەوە کە بارگرانیی قەرز و ڕقی جیهانی بۆ خەڵکی ئەمریکا بەجێهێشتووە.
ههروهها موحیبی ئاماژهی بهوه كرد لە کاتێکدا ٢١ هەزار منداڵ لە غەززە بە چەکەکانی ئەمریکا کوژراون، کەچی سوپای پاسدارانی ئێران بە ناڕەوا دەخرێتە لیستی تیرۆرەوە.
موحیبی ئەوەشی وهبیرهێنایەوە کە ئەمریکا پێشتر بە درۆی بوونی چەکی ئەتۆمی هێرشی کردە سەر عێراق، یەک ملیۆن کەسی کوشت و دواتریش دانی بە نەبوونی ئەو چەکانەدا نا.
هاوكات موحیبی ڕوونی کردەوە دروشمی "مردن بۆ ئەمریکا" داواکارییە بۆ کۆتاییهێنان بە تاوانەکانی ئەو وڵاتە نهك لهناوبردنی ئهمریكا و، گوتی: "ئەگەر واشنتۆن تەنانەت سهدا پێنجی بوودجەی بەرگریی خۆی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی خەرج بکات، دەبێتە وڵاتێکی خۆشەویست".
گوتیشی: "٢٥ ساڵە دەڵێن ئێران لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دەستی بە چەکی ئەتۆمی دەگات. ئایا ئەم چەند هەفتەیە ٢٥ ساڵە هەر تەواو نابێت؟ مادام لە دژی چەکی ئەتۆمین بۆچی لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کشانەوە؟ بۆچی ئەو سەرکردەیەمانتان تیرۆر کرد کە دژی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بوو؟"
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا سهبارهت بەوەی "ئایا پێتوایە ئەم نامەیە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەبێت؟" موحیبی گوتی: "نیەتێکی لەو شێوەیەمان نییە. ئێمە تەنیا دەمانەوێت گەلی ئەمریکا ڕاستییەکان بزانێت".
موحیبی ئهوهیشی خستهڕوو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەکەڵک کەوتوون و، وڵاتانی ناوچەکەش لەوە تێگەیشتوون واشنتۆن ئاسایش بەدی ناهێنێت، بۆیە دەستیان بە بەستنی ڕێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش کردووە لە نێوان خۆیاندا.
سهبارهت بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، موحیبی جەختی لەسهر ئهوە کردەوە ئەو گەمارۆیە تاوانی جەنگ و تاوانە دژی مرۆڤایەتییه و، بانگەشەی ئەوەی كرد ڕێگریی لە زیانەکانی ئەو گەمارۆ دەریایییە دەکەن و، ئەمریکا بە هیچ جۆرێک ناتوانێت پەیوەندییە قووڵەکانی ئێران لەگەڵ ١٥ وڵاتی دراوسێیدا تێکبدات.