ئەنقەرە
هاوسەرۆكی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش كە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی نائاسایی كۆمیتەی ناوەندی پارتەكەی لە دوای تەقینەوەكەی سروج هاتبوو ئەنقەرە، پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
دەمیرتاش گوتی: "دوای كۆبوونەوەكە هەڵسەنگاندنێكی بەرفراوان و ئەو رێوشوێنانەی كە پێویستە وەكو پارتی لەمەو بەدواوە بیانگرینە بەر و سەبارەت بەو سیاسەتانەی كە پەیڕەویان دەكەین زانیاری زیاتر دەخەینە ڕوو، رووداوەكەی سروج رووداوێكی زۆر دڵتەزێنە، كریارێكی وەحشییانە و دژی مرۆڤایەتییە".
دەمیرتاش گوتی: "بە هۆی ئەو كریارە تیرۆریستییەوە 32 كەس گیانیان لەدەست داوە و ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خوێندكاری كۆلێژی پزیشكی، یاسا و كۆمەڵناسی بوون، هەر یەكیان بەهایەكی جیاوازی ئەم وڵاتە بوو".
دەمیرتاش گوتیشی: برینمان زۆر قووڵ و ئێشمان زۆر گرانە بەڵام زۆر بە دڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەم كە هەندێ هەڵسەنگاندن كە دوای ئەو تەقینەوەیە كراون و ئەو هێرشانەیش كە كراونەتە سەر پارتەكەمان بەلانیكەمەوە بە ئەوەندەی ئەو كۆمەڵكوژییە دڵتەزێنن، قیزەونتر لە ئامانجەكانی ئەو كەسانەی ئەم كۆمەڵكوژییەیان ئەنجامداوە بەداخەوە لە لایەن بەشێك لە سیاسەتمەدار و میدیاكانەوە ئەنجامدراوە و هێشتا بەردەوامە، بۆ نموونە من ئاماژەم بەوە كردبوو كە پێویستە رێوشوێنەكانی ئەمنی بەردەم ناوەندەكانی پارتەكەمان توندتر بكەین بەتایبەتی ناوەندەكانی مەدەنی پێویستە ئاسایشی خۆیان بپارێزن و پێویستە خەڵك هۆشیار و چاوكراوە بێت و ئاسایشی خۆی بپارێزێت چونكە لە هەر شوێنێكدا تیرۆریستانی وەحشی داعش هەن بۆیە پێویستە خەڵك هۆشیار و چاوكراوە بێت، بەڵام لە دوێنێیەوە تا ئەمڕۆ میدیاكانی سەربە دەسەڵات باس لەوە دەكەن كە گوایا من داوای چەك هەڵگرتنم لە خەڵك كردووە، بۆیە هەدەپە تۆمەتبار دەكەن، لە دوێنێیەوە وازیان لە داعش هێناوە هێرشی سەر هەدەپە دەكەن بەڕاستی ئەمە بە لانیكەمەوە بە ئەوەندەی كۆمەڵكوژییەكە ئێش و ئازاری هەیە".
دەمیرتاش گوتی: "ئەم وڵاتە دوێنێ 32 گەنجی خۆی كە هی ناوچەكانی جیاجیا بوون لەدەست داوە، هەر یەكیان شۆڕشگێرێكی قارەمان بوو بەڵام بەداخەوە ئەوەی دیارە ئەوەیە كە میدیای وڵات لە بەرامبەر كۆمەڵكوژییەكی بەمجۆرەدا هەڵوێستی چۆنە، نە میدیا و نە سیاسەتمەدارانی ئەم وڵاتە لە بەرامبەر كۆمەڵكوژی بەمجۆرەدا یەك دەنگ و یەك رەنگ نین و هەموویان لە نێو رەق و كینی خۆیاندا نغرۆ بوون، بەداخەوە هەست بەو شتانە كە دەنووسن و بڵاویان دەكەنەوە ناكەن. ئەمە عەقڵیەتێكە كە مایەی شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی و هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ عەقڵیەتی داعشدا نییە. لێرەدا بانگ لە كەسە هەرزانەكانی نێو میدیای سەربەدەسەڵات دەكەم، دەزانم كێ پارەتان پێ بدات ئەوا چەپڵەی بۆ لێ دەدەین، بەڵام لە بیرتان نەچێت كە ئەم زەمینە زەمینێكە خاوەن مرۆڤایەتی و شارەستانیەتە، خاكی مزوپۆتامیایە، ئەمە یەكەم شوێنە كە مرۆڤایەتی لە لایەن خاڵقەكەیەوە رەوانەی كراوە، ئەم خاكە جارێكی دیكە مرۆڤایەتی زیندوو دەكاتەوە و سەرەڕای داعش و عەقڵیەتەكەی ئێوە كە وەكو عەقڵیەتی داعشە ئێمە سەركەوتوو دەبین، با ئەم وڵاتە پشتڕاست بێت، ئێمە دەست دەخەینە نێو دەستی یەكترەوە و دەستبەردانی دیموكراسی، دادوەری و یەكسانی و ئاشتی نابین".
دەمیرتاش لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: "دوای كۆبوونەوەكە هەڵسەنگاندنێكی بەرفراوان بۆ ئەو رووداوە دەكەین".