ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و کۆنسوڵی تورکیا لە ھەولێر ئەرمان تۆپچو و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی، سەنتەری پێدانی ڤیزای تورکیا لە شاری سلێمانی کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر ئەرمان تۆپچو گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا.
لە گوتارەکەیدا، ئەرمان تۆپچو گوتی: "من یەکەم کۆنسوڵی گشتیی تورکیا نیم کە سەردانی سلێمانی دەکەم، بەڵام لەوانەیە دوای ماوەیەکی درێژ، ببمە یەکەم کۆنسوڵی گشتیی تورکیا کە ھاتووەتە سلێمانی. بڕوام وایە لەمەودوا دەتوانین زوو زوو بێین، ھاوکاری و پەیوەندییەکانمان زیاتر بکەین و ھیچ ئاستەنگێک بۆ ئەم پڕۆسەیە نییە. هاوشێوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراقدا، بەمشێوەیەش پەیوەندی لە نێوان تورکیا و سلێمانیدا ھەیە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕوانگەی خوالێخۆشبوو مام جەلال'دا ھەبوو".
ئەرمان تۆپچو گوتیشی: "ھەروەھا وەک بەڕێز سەرکۆمارمان و بەڕێز وەزیری دەرەوەمان بەبەردەوامی ئاماژەیان پێداوە، لەناو ئەم ناڕوونی و دۆخە قەیراناوییەی لە ناوچەکەماندا ھەیە، ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە کە خۆمان چارەسەری کێشەکان بدۆزینەوە".
لە درێژەی قسەکانیدا، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر ئاماژەی بەوەکرد لە ھەر بارودۆخێکدا بووبن، ناوەندی پێدانی ڤیزا ھەرگیز دەرگای لەسەر ھاووڵاتییان لە سلێمانی دانەخستووە و گوتیشی: "ئەو ناوەندەی کە ئەمڕۆ بەفەرمی دەستبەکاربوونی ڕادەگەیەنین، لە بنەڕەتدا یەکەم ناوەندی ڤیزا نییە کە تورکیا لێرە کردبێتییەوە، بەڵکو دەتوانین بڵێین بەشێوازێکی نوێ دەستبەکاربوونی فەرمییەتی".
ھەر لە ڕێوڕەسمەکەدا جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی: "من دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ یەکەم دیدارم لەگەڵ جەنابی کۆنسوڵی تورکیا کە تازە ھاتبوو، لەوێ بەڵێنێکی پێدام لەوەی کە سەردانی سلێمانی دەکات و ڕۆڵی خۆی دەبینت، بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لە ھەموو ئاستێکەوە، زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەڵێنەکەی ھێناوەتەجێ، سلێمانی شاری خۆیەتی، شاری ھەموو نەتەوە و پێکھاتەیەکە لە عێراق و لە ناوچەکە و لە جیھانیش".
قوباد تاڵەبانی گوتیشی: "ئەمڕۆ ھەنگاوێکی دیکەیە بۆ بەرەو ئارامکردنی کوردستان، بۆ بەرەو پێشبردنی سلێمانی لە ڕووی سیاسی و ئابووریی و کولتووری و ئەکادیمیشەوە، چونکە ھەروا مەیبینن کە سەنتەرێکی ڤیزا دەکرێتەوە. لە خراپترین دۆخی پەیوەندییەکان و لە کاتی شەڕ و لە کاتێکدا کە ھەندێک بەربەست ھەبوون لەبەردەم سەفەرکردن لە سلێمانییەوە، لەو کاتەشدا زۆرترین گەشتیاری لە سنووری دەڤەری سلێمانییەوە خۆیان دەگەیاندە تورکیا، جا لە ڕێی ھەولێر، کەرکووک یا لە ڕێی بەغدا بووبێت".
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم گوتیشی: "کردنەوەی ئەم سەنتەرە ئاسانکارییەکە بۆ ھاووڵاتییانی دەڤەری سلێمانی و خزمەتگوزارییەکە کە پێشکەشیان دەکرێت. خزمەتگوزاری دەبێت بگات بە ھاووڵاتی، نەک ھاووڵاتی بگەیەنین بە خزمەتگوزاری".
تاڵەبانی ڕاشیگەیاند: "گرنگی بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری توركیا دەدەین، بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی و كار دەكەین بۆ لابردنی بەردەستەكان و ڕاكێشانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی توركیا بۆ سلێمانی" و داوایشی لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی کرد کە ئاسانکاریی بکات بۆ بازرگانان و کۆمپانیا تورکییەکان لە دامودەزگاکانی حکوومەت و جەختییشی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتییکردن و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا.