ئورفا
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا نوعمان كورتولموش لە بارەی تەقینەوەكەی سروج دەڵێت "لەوانەیە كەسانێك بۆ تێكدانی رەوشی توركیا دەستبەكار بووبن، ئێمە دەمانەوێت ھەموو كەسێك لەوە ئاگاداربێت".
نوعمان كورتولموش لە ماڵی پۆلیس لە شاری ئورفا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و تیادا سەبارەت بە تەقینەوەكەی سروج چەند روونكردنەوەیەكی دا. كورتولموش داوای لە سەرجەم لایەنەكانی توركیا كرد كە لەو ساتە وەختەدا یەكریزی توركیا بپارێزن و یەكبگرن، گوتیشی: "دەبێت بیروبۆچوونەكانمان وەلاوەبنێین و لە خالێكی ھاوبەشدا یەكبگرینەوە. پێویستە ھەموومان بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤایەتی و مانەوەمان لە ژیاندا لە دژی تیرۆر بوەستینەوە".
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا راشیگەیاند پێشووتر پرسی مەترسی و ھەڕەشەكانی داعش بۆ سەر توركیای لەگەڵ بەرپرس باڵاكانی وڵات تاوتوێ كردووە، ئەو پێشی وابوو كە توركیا موخاتەبی ھێرشەكەیە. لەو بارەیەشەوە دەڵێت "ئەگەر ھێرشەكە لەلایەن داعشەوە ئەنجام درابێت ئەوە موخاتەبی ژمارەیەكی ھێرشە كە توركیا خۆیەتی، حكوومەتی توركیا و ھاووڵاتییانی توركیایە".
ناوبراو ئاماژەی بە یەكریزی وڵاتەكەی و پێكەوەژیانی كرد راشیگەیاند سەرەڕای بوونی ئەتنیكی جیاواز ماوەی چەندین ساڵە بەیەكەوە ژیان بەسەر دەبەین. ئاماژەی بەوەش كرد وڵاتانی چواردەوری توركیا ئالۆزی و پشێویان تێكەوتووە بەڵام توركیا بە پاراستنی ئاشتی نێوخۆیی بە شێوەیەكی سەقامگیر لە رێگەی خۆی بەردەوام دەبێت.
نوعمان كورتولموش دەشڵێت وردە وردە ھێرشەكە و ئەنجامدەرانی یەكلایی دەكرێتەوە لە بارەی ھێرشەكەوە گوتی: "گومان لێكراوان دیارن، جارێ یەكلایی نەكراوەتەوە بەڵام بە خێراییەكی زۆر لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن. دوای لێكۆڵینەوەكان زانیاری سەبارەت بە بوونی پەیوەندیەكان و چۆنیەتی ھاتنیانتان پێ دەدەین. ژمارەی گومان لێكراوەكان زۆر بووە لە كاتی بوونی ھەر زانیارییەكی نوێدا ئێوە ئاگادار دەكەینەوە. ھەموو ئەگەرێك لە بەردەممان دایە، داعش ئەگەرێكی بەھێزە. لەسەر بچووكترین بەڵگە كار دەكەین و ھەموو ئەگەرێك كاری لەسەر دەكرێت".