ئیستانبوڵ
ھێڵی ئاسمانی توركی (تورکیش ئایەرلاینس) دەستی كردووە بە ئەنجامدانی گەشت لە نێوان فڕۆكەخانەی سەبیحە گۆكچەن و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر.
دەستەی راوێژكاری ھێڵی ئاسمانی توركی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە، تێیدا باسی لەوەكردووە كە پێشووتر لە فڕۆكەخانەی سەبیحە گۆكچەن دەتوانرا بە ھێڵی ئاسمانی توركی گەشت بۆ ئەمستردام، باكۆ، بەرلین، برۆكسل، دۆسێلدۆرف، ئەرجان، فڕانكفورت،كیێڤ، كوێت، لەندەن، میلان، میونخ، پاریس، تیفلیسی، تاران، تەلئەبیب، ڤیەننا،رۆما، شتوتگارت، كۆلن، بەرشەلۆنە، داممان و لە ئێستاشدا دەستی كردووە بە ئەنجامدانی گەشت بۆ ھەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.
بڕیارە سبەی چوارشەممە گەشتی ئەو ھیڵە لە فڕۆكەخانەی سەبیحە گۆكچەنەوە بۆ بەحرێن دەست پێبكات، بەمەش ژمارەی ئەو خاڵانەی كە لەو فڕۆكەخانەیەوە گەشتی تێدا ئەنجام دەدریت دەگاتە 24 خاڵ.
لە قۆناغەكانی بەراییدا گەشتی كۆمپانیای ھێڵی ئاسمانی توركی لە فڕۆكەخانەی سەبیحە گۆكچەنەوە بو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رۆژانی شەممە و دووشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە دەبێت. لە 16 ئەیلوولی داهاتووشەوە ھەموو رۆژێك گەشت ئەنجام دەدرێت.
لە ئێستادا نرخی چوون و ھاتن لە ئیستانبوڵەوە بۆ ھەولێر لە 386 دۆلارەوە دەست پێدەكات. ھاوكات ئەندامانی مایلس و سمایلس بە تكیتی سەدا 25 داشكاندن لە ھێڵی فڕۆكەخانەی سەبیحە گۆكچەنەوە گەشت بكەن دەتوانن لە گەشتەكانی داھاتوویاندا ئاستی بەشی گەشتەكانیان بەرز بكەنەوە.