تونس
سەرۆكوەزیرانی تونس حەبیب ئەلسەید رایگەیاند "بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە رووداوی كوژرانی ژمارەیەك رۆژنامەنووس، حكوومەت بڕیاریدا دادوەری لێكۆڵینەوە بنێرێتە لیبیا".
ئەلسەید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەبارەت بەو دوو رۆژنامەنووسە تونسییەی كە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014دا لە لیبیا رفێنران و دواتر بانگەشەی كوژرانیان كرا، بڕیارە بەمەبەستی ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانەی دەڵێن دیمەنی كوژرانی هەردوو رۆژنامەنووسە تونسییەكەیان بینیوە، سبەینێ دادوەری لێكۆڵینەوە بنێرینە لیبیا".
سەرۆكوەزیرانی تونس ئەوەشی نەشاردەوە كە نەبوونی حكوومەتێك لە لیبیا كارەكانی زۆر قورس كردووە و گوتی: "لە حاڵەتی دڵنیا بوونمان لەوەی ئەو دوو رۆژنامەنووسە كوژراون داوا لە لیبیا دەكەین كە تاوانبارەكان رادەست بكاتەوە".
ئەو رۆژنامەنووسانەشی كە بەشداری كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەیان كردبوو وەك هاوسۆزییەك و بەمەبەستی پشتیوانیكردن و داواكردنی روون بوونەوەی دۆسیەكە وێنەی هەریەك لە "سوفیان ئەلشورابی و نەزیر ئەلقەتەر"یان بەرز كردبۆوە.
لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنووسان وەك پشتیوانییەك بۆ ئەو دوو رۆژنامەنووسە رفێنراوە لەبەردەم شانۆی شاردا لە پایتەخت گردبوونەوە و چالاكییان ئەنجام دا. لەو گردبوونەوەیەدا خانەوادەی ئەو دوو رۆژنامەنووسە كە گوایە لە لیبیا كوژراون و چەند كەسایەتییەكی سیاسی بەشداربوون و داوایان كرد حكوومەت لەچوارچێوەی لێپرسراوێتیدا مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەدا بكات.
چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە داعش لە هەرێمی بەرقەی خۆرهەڵاتی لیبیا ئاماژەیان بەوەكردبوو ئەو دوو رۆژنامەنووسە تونسیە كە پێشتر رفێنرابوون لە نۆی كانوونی دووەمدا لەلایەن چەكدارانی ئەوانەوە كوژراون.
هەندێك سەرچاوەی سیاسیش ئاماژە بەوە دەكەن ئەو رۆژنامەنووسانە نەك لەلایەن داعشەوە بەڵكو پێدەچێت لەلایەن چەند گرووپێكی دیكەوە كوژرابن.
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی تونس رایگەیاند زانیاری تەواویان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەكوژرانی ئەو دوو رۆژنامەنووسەی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014دا لە لیبیا رفێنراون.