Kosar OSMAN
14 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2015
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری کۆبوونەوەکەی رەوشی لیبیای لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە ئەرێنی وەسفکرد و رایگەیاند لایەنەکان ئامادەن بۆ واژووکردنی رێکەوتنەکەی 16ی کانوونی یەکەم و پشتگیریی حکوومەتێکی گشتگیر لە لیبیا دەکەن.
ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە لە رێ نادەن ئەم بارەی ئێستای لیبیا بەردەوام بێت و هەوڵدەدەن کۆتایی بەم پەرشو بڵاوییە بێنن. هەروەها ئامانجیانە ئاسایش لە وڵاتەکەدا بەرقەرار بکەن، بەشێوەیەک گەلانی لیبیا هەست بە مەترسیی گیان نەکەن.
کیری هەروەها پەنجەی خستەسەر سوود وەرگرتنی داعش لەم دۆخە نالەبارەی ئێستا و گوتی کە ئەوان بێدەنگ نابن لە ئاست دوا پێشهاتەکان و بەمشێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاولۆ گێنتیلۆنی رێکەوتنی لایەنەکانی لیبیای بە رووداوێکی بێ هاوتا و مێژوویی وەسفکرد".
نوینەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا مارتن کۆبلەر لەمەڕ رێکەوتنەکە سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری کرد و پێیوایە بەهۆی پێکهاتنی لایەنە لیبیاییەکان ئامانجی داعش بۆ دابەشبوونی ئەو وڵاتە پووچەڵ بۆوە.
دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەک دەرچوو کە تێدا ئاماژەکرابوو لەم گۆشەیەوە دەکرێ کۆتایی بە قەیرانەکانی لیبیا بێت و رۆژی 16ی ئەم مانگە رێکەوتننامەی کۆتایی لە وڵاتی مەغریب واژووی لەسەر دەکرێت.
هەروەها لەبەیاننامەکەدا هاتووە دوای پێکهینانی حکوومەتێکی گشتگیر بەرەنگاربوونەوەی داعش لەو وڵاتە درێژەی پێدەدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش هاوکاری و پاڵپشتی حکوومەتەکە دەکرێت.