Mohammed Baqi Hussein
19 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2015
میلانۆ
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بان كی مۆن لە میانی بەشداری كردنی لەو چالاكییەی بە بۆنەی رۆژی جیهانی خۆراكەوە لە پێشانگای EXPO 2015ی شاری میلانۆی باكووری ئیتاڵیا رێكخرا بوو رایگەیاند كە نەهێشتنی برسێتی لە جیهاندا بەرپرسیارێتی هەمووانە.
لە پێشانگای EXPO 2015 دا بەبۆنەی 70 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی جیهانی (FAO)ەوە مەراسیمێك رێكخرا.
لەمەراسیمەكەدا هەریەك لە شاژنی ئیسپانیا لێتیزیا، سەركۆماری سلۆڤینیا بۆروت باهۆر، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاوڵۆ جێنتیلۆنی و بەڕێوەبەری گشتی فاو گرازیانۆ دا سیلڤا ئامادە بوون.
لەوتەیەكیدا كە لە مەراسیمەكەدا پێشكەشی كرد بان كی مۆن لەبارەی برسێتییەوە گوتی: "نەهێشتنی برسێتی لە جیهاندا بەرپرسیارێتی هەمووانە، ئەمڕۆ سەرچاوەكانمان بەجۆرێك بەهەدەردەدەین كە جێگای شەرمەزارییە".
مۆن لەوتەكانیدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ سەركردەكانی جیهاندا لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەمەبەستی بەرنگاربوونەوەی هەژاری ئەجێندای 2030یان راگەیاندووە.
مۆن گوتی: "ئامانجەكانی ئەم ئەجێندایە كە نەهێشتنی برسێتی و بەدخۆراكییە بەدی نایەن تا ئازادی بۆ ژنان دەستبەرنەكرێت و یارمەتی جووتیاران نەدرێت. سەرەتا لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجییدا بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی زەویی كشتوكاڵی لەكاركردنداین. لەبەرئەوە ستایشی سەرۆك شارەوانییەكان دەكەم".
لەمەراسیمەكەدا سەركۆماری ئیتاڵیا سێرجیۆ ماتارێلا وتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "دەبێت مافی ئاو و خۆراك بەجۆرێك بێت بگاتە هەموو كیشوەرەكان. گرنگ ئەوەیە دیالۆگ بەسەر شەڕوپێكدادان و گرژیدا سەركەوێت".
ماتەرێلا لەبارەی ئەجێندای 2030ی بان كی مۆنەوە گوتی: "ئەگەر ئامانج بنبڕكردنی برسێتی بێت لە ساڵی 2030دا، ئەوا تەنها بە كۆكردنەوەی خۆراك دەتوانرێت ئەوە چارەسەر بكرێت".
سەركۆماری ئیتاڵیا رایگەیاند لەماوەی چەند مانگی دواییدا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی روویان لە وڵاتەكەی كردووە گەیشتۆتە 300 هەزار كەس.
ماتەرێلا گوتی: "لێشاوی پەنابەران كە ویژدانی ئەورووپای هەژاندووە، نیشانەی ئەوەیە كە بارودۆخی سەختی ژیان لەو وڵاتانەی پەنابەرانی لێوە دێن پێویستی بە چارەسەری بەپەلەیە".