Hemın Othman Mohammed
25 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2016
لە یەكەم وێستگەی گەشتەكەیدا بۆ ئەورووپا، سەركۆماری ئێران حەسەن روحانی، لە ئیتاڵیا لەگەڵ سەركۆماری ئەو وڵاتە سێرجیۆ ماتارێلا كۆبووەوە.
پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە كە لە كۆشكی كویریناڵی سەرۆكایەتی كۆمار لە رۆمای پایتەخت بەڕێوەچوو، سەركۆماری ئێران روحانی، لە رێورەسمێكی فەرمیدا پێشوازی لێكرا. پاش رێوڕەسمەكە هەردوو سەركۆمار چوونە بەردەم كامێراكان و دواتریش كۆبوونەوەی دوو قۆلیان ئەنجام دا.
لە كۆبوونەوەكەیاندا، روحانی و ماتارێلا باس لە پەیوەندیە ئابووری و بازرگانیەكانی نێوان هەردوو وڵات و بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان دەكەن.
سەركۆماری ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا ماتیۆ رێنزی كۆدەبێتەوە، پاش ئەو كۆبوونەوەیەش هەردوولا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش ساز دەكەن.
سبەی سێشەممە، حەسەن روحانی لەگەڵ هەردوو سەرۆكی باڵەكانی پەرلەمانی ئیتاڵیا و رابەری جیهانی كاسۆلیك و سەرۆكی ڤاتیكان پاپا فرانسیس-دا كۆدەبێتەوە.
هاوكات لە میانی سەردانەكەیدا، روحانی بەشداری لە كۆڕبەندی كاری ئیتاڵیا-ئێران-دا دەكات و لەگەڵ وەبەرهێنەرانی هەردوو وڵاتدا كۆدەبێتەوە، چاوەڕوانیش دەكرێت واژۆ لەسەر رێككەوتنێك بكات كە رێگە لەبەردەم كاری كۆمپانیا ئیتاڵیەكان دەكاتەوە بە بەهای 17 ملیار یۆرۆ وەبەرهێنان لە ئێراندا بكەن.
لە سەرەتای سەردانەكەیدا بۆ ئیتاڵیا، سەركۆماری ئێران حەسەن روحانی، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی كردەوە "گەیشتمە رۆما. بە تاسەوە چاوەڕوانی دەرخستنی هەلەكان دەكەم بەئاراستەی پتەوكردنی پەیوەندیەكانی هەردوو وڵات و بەڵێننامەی بنیاتنەر".
رۆژی چوار شەممە، حەسەن روحانی سەردانی فەڕەنسا دەكات.
دوای ئەوەی كۆمسیۆنی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەكگرتووەكان، پێش ماوەیەك لەمەوبەر پەسەندی كرد كەوا ئێران تەواوی مەرجەكانی رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی هاوینی پار ساڵی جێبەجی كردووە، هاوكات لەگەڵ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكانی سەر وڵاتەكەی، روحانی بە یاوەری 100 بازرگانی ئێرانی گەشتێكی بۆ ئەورووپا دەست پێ كرد. گەشتەكەش تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام بەهۆی پەلامارە تیرۆریستییەكانی 13ی تشرینی دووەمی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە پاریس، سەردانەكە دواخرا.